دوو کەس بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ چین لە بەریتانیا دەستگیرکران

لەندەنی پایتەختی بەریتانیا
لەندەنی پایتەختی بەریتانیا

K24 - هەولێر:

لە بەریتانیا دوو کەس بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ حکومەتی چین دەستگیرکران و پۆلیسی ئەو وڵاتەش هەواڵەکەی پشتراستکردەوە.

رۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، دوو پیاو کە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 35 ساڵیدایە، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ چین لە لەندەن دەستگیرکراون.

بە گوێرەی رۆژنامە بەریتانییەکە، یەکێک لە پیاوەکان کە توێژەرێکی یاسایی بووە چەند جارێک لەگەڵ تۆم توگێندهات، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا گفتوگۆی کردووە، پێش ئەوەی پۆستی وەزیری ئاسایشی بەریتانیا وەربگرێت.

سەندەی تایمز ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەکێک لە پیاوەکان کە توێژەری یاسایی بووە، لەسەر سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان کاری کردووە و ماوەیەک لە چین ژیاوە.

ئەو رۆژنامەیە باسی لەوەشکرد، پەیوەندی بە چەندین سەرچاوەی حکومەتی بەریتانیاوە کردووە بەڵام رەتیان کردەوەتەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەن.

لەلای خۆیەوە ئەلیسیا کیرنز، پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران رایگەیاند، کە ئاگاداری راپۆرتی رۆژنامەکە بووە بەڵام رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات و ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرەڕای ئەوەی دەزانم بەرژەوەندی گشتی لە چی دایە، بەڵام ئەرکی هەموومانە، کاری دەسەڵاتداران نەخەینە مەترسییەوە".