سەرۆکی دەستەی ژینگە: سێ ناوچەی هەرێمی کوردستان مەترسیی بیابانبوونیان لەسەرە

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی ژینگە رایدەگەیەنێت، داوایان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە هاوکارییان بکەن لە سەوزکردنی سێ ناوچەی هەرێمی کوردستان، چونکە مەترسیی بیابانبوونیان لەسەرە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان چەند دەستکەوتێک لە بواری پاراستنی ژینگە بەدەستهاتوون کە لەناوچەکانی دیکەی عێراق نین لەوانەش، بەکارهێنانی گازی هاوەڵ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و سوودوەرگرتن لە وزەی پاک بۆ هەمان مەبەست.

عەبدولڕەحمان سدیق راشیگەیاند، ئامارێکی دیاریکراو بۆ هەبوونی رێژەی بەبیابانبوون لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام داوایان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە هاوکارییان بکەن لە سەوزکردنی هەرسێ ناوچەی گەرمیان، باشووری دهۆک و رۆژئاوای هەولێر، چونکە مەترسیی بیابانبوونیان لەسەرە.

لەبارەی هەماهەنگی نێوان دەستەی ژینگەی کوردستان و وەزارەتی ژینگەی عێراق، عەبدولڕەحمان سدیق گوتی: "لە 15 رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ژینگەییدا ئێمە وەکو دەستەی ژینگەی کوردستان پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی ژینگەیی عێراق هەیە و نوێنەری ئێمە، رەزا خەیلانی لە هەموو کۆبوونەوەکانیاندا بەشداردەبێت".

 کۆنفرانسی گۆڕانکارییەکانی که‌ش و هه‌وا (COP28) له کۆتایی مانگی 11 (تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ، له شاری دوبه‌ى له ئيمارات ئه‌نجام دەدرێت و هەر یەکە لە سه‌رۆكى دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی ژینگه‌ی عێراق بەشداری تێدا دەکەن.

سەرۆکی دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە و وەزارەتی ژینگەی عێراق لە هەموو دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتی و دەرەکیدا پێکەوەین. تەنانەت لە ئامادەکردنی بەرنامەی بەشداریە نیشتمانییەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، لە ساڵی 2020ـەوە تاوەکو 2030 پێکەوە ئامادەمان کردووە و پێکەوە کارمان لەسەر کردووە و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشمان هەر پەیوەست بوو بەو بابەتە."  

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا، ئازاد نووری، بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "خۆمان بۆ کۆنفرانسی (+28) ئامادە دەکەین کە بڕیارە لە وڵاتی ئیمارات و لە دوبەی ببەسترێت کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان دەبێت و دوو لیژنەی هەیە، لیژنەی باڵا لەگەڵ لیژنەی تەکنیکی، بۆیە زانیاری کۆدەکەینەوە و بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ لە دوبەی ببەسترێت."

ئازاد نووری ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێستا داوای داتا و زانیاری لە هەموو وەزارەتەکان دەکەین بۆ خۆئامادەکردن، چونکە بڕیارە (+28) دەربارەی گۆڕانی کەشوهەوا ببەسترێت و ئێمەش وەکوو هەرێمی کوردستان بەشدارین، کە بە سەرپەرشتی ئەمەریکایە و نزیکەی 200 وڵات تێیدا بەشداری دەکەن ".

نووری باسی لەوەش کرد: "ئێمە ساڵی ڕابردووش بەشداریمان لە کۆنفرانسی جیهانیی گۆڕانی کەشوهەوا کرد کە 15 نوێنەری دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانیش تێیدا بەشدارییان کرد".