بەم زووانە سیستەمی نوێی بەرگریی ئاسمانی دەگاتە عێراق
فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، گرێبەستیان بۆ کڕینی ژمارەیەک سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی واژوو کردووە و یەکەم کاروانی ئەو کەرەستانەش بەم زووانە دەگەن. هاوکات ئامادەییی هێزەکانی بۆ کردنی مانۆڕێکی سەربازی بە تەقەمەنیی راستەقینە لە هەفتەی داهاتوودا ئاشکراکرد و جەختیکردەوە، بەرگریی ئاسمانیی عێراق لە ماوەی داهاتوودا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەخۆیەوە دەبینێت.
پێنجشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2026، فەریق تەیار روکن موهەنەد ئەسەدی، فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە گوتی: فەرماندەییی بەرگریی ئاسمانی لە کاتی سەردانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ بارەگای فەرماندەیی لە دوو یان سێ مانگی رابردوودا، وردەکاریی تواناکانی ئێستا و دیدگای خۆی بۆ پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی ئاسمانی عێراق، ئاشکراکردنی ئامانجە ئاسمانییەکان و گەشەپێدانی سەرچاوە مرۆیی و ژێرخانەکانی خستەڕوو. هاوکات روونیکردەوە، سەرۆکوەزیران گرنگییەکی زۆری بە خێراکردنی بونیاتنانی تواناکانی فەرماندەییەکە داوە.
فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی روونیکردەوە، فەرماندەییەکە پلانی ستراتیژیی بۆ پەرەپێدانی تواناکانی بە سێ قۆناخی کاتدار داناوە، گوتیشی: تیمە هونەرییەکان چاویان بە چەندان سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و چەکی پێشکەوتوو کەوتووە و تاقیکردنەوەیان لەسەر کردوون، سەرکەوتنی ئەو سیستەمانەی سەلماندووە و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاری گرێبەستکردن لەگەڵیان دراوە، هەروەها چەندین گرێبەست پارەی بۆ دابین کراوە و چاوەڕوان دەکرێت یەکەم بڕی سیستەمەکان لە ماوەی داهاتوودا بگەن.
سەبارەت بە کارایی سیستەمەکان، ئەسەدی باسی لەوە کرد، ئەو سیستەمانەی گرێبەستیان لەسەر کراوە خاوەن کاراییەکی زۆرن و هەندێکیان لە ململانێکانی ناوچەکەدا کاریگەریی گەورەیان نیشانداوە. رایگەیاند،، فەرماندەییەکە دەستی بە ناردنی مەشقکاران بۆ ئەو وڵاتانە کردووە کە سیستەم و چەکەکان بەرهەم دەهێنن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەکارهێنانیان.
فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی عێراق جەختیکردەوە، حکوومەتی عێراق بە هەموو وەزارەتەکانییەوە پشتگیریی بونیاتنانی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی دەکات لە رووی ژێرخان، مەشقکردن، کەرەستە و چەکەوە. ئەو روونیکردەوە، وەزیری دارایی ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی پارەی پێویست بۆ کڕینی ئەو سیستەمانە، بەپێی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران، دەربڕیوە.
سەبارەت بە کاتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، رایگەیاند،، بونیاتنانی تواناکانی سەربازی کاتی پێویستە و ناکرێت دەستبەجێ دوای تەرخانکردنی پارە چەکەکان بەدەستبهێندرێن و بەکاربخرێن. ئەو بەرپرسە دووپاتیکردەوە، کارەکان بە خێراییەکی زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی فەرماندەییەکە دەبنەوە.
لەبارەی مانۆڕە سەربازییەکەوە رایگەیاند، فەرماندەییی بەرگریی ئاسمانی رەزامەندیی پێویستی لە سەرۆک ئەرکانی سوپا وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی مانۆڕێکی سەربازی بە تەقەمەنیی راستەقینە لە هەفتەی داهاتوودا. ئەو روونیکردەوە، مانۆڕەکە بریتی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو فڕۆکانەی ئاسمانی عێراق دەبەزێنن، تا گەیشتن بە مامەڵەکردن لەگەڵ فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژییەکان بە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی ئێستا لەبەر دەستدان.
لە بارەی ئاستەنگەکانی بەرگریی ئاسمانی، فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی عێراق روونیکردەوە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کار بۆ ئەوە دەکەن رووبەری راداریی ئەو فڕۆکانە کەم بکەنەوە بە مەبەستی دواخستنی ئاشکرابوونیان. ئەو بەرپرسە رایگەیاند،، چەندان وڵات ملیاران دۆلاریان بۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی خەرج کردووە، بەڵام تووشی بەزاندنی ئاسمانی بوونەتەوە بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێچوو کەم.
هاوکات راشیگەیاند، هیچ بەرگرییەکی ئاسمانی لە جیهاندا نییە بتوانێت بە رێژەی 100% ئاسمان بپارێزێت. رایگەیاند،، پێشکەوتنەکان لە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سەلماندوویەتی کە دەکرێت تەنانەت پێشکەوتوترین سیستەمەکانیش تێکبشکێنرێن. هەروەها گوتی، ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریی ئاسمانی تێچوویان زیاترە و بەراورد بە هێرشبردن، کاتی زیاتریان پێویستە.
سەبارەت بە سەروەریی ئاسمانی، فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی عێراق روونیکردەوە، فڕین لە ناو ئاسمانی نیشتمانیدا بەبێ رەزامەندیی پێشوەختە، پێشێلکردنی سەروەرییە، جگە لەو حاڵەتانەی کە لە رێککەوتننامەکان و مانۆڕە رێگەپێدراوەکاندا رێکخراون. رایگەیاند،، فڕین لە بۆشایی دەرەوەدا جیاواز لە ئاسمانی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان، فەرماندەییەکە بەپێی ئەو توانایانەی لەبەر دەستدان کار دەکات بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق. ئەو جەختیکردەوە، کادری پسپۆڕ هەن کە بەدوور لە چاوی میدیاکان کار دەکەن و توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان هەیە بۆ بەرگریکردن لە گەلی عێراق و سەروەریی ئاسمانییەکەی بەپێی بڕیارەکانی دەوڵەت و فەرماندەییە سەربازییەکان.