لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق سەردانی کەرکووک دەکات
K24 - هەولێر:
مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەکوردستان24 ی راگەیاند، رۆژی سێشەممە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئەم دواییانەی کەرکووک و شەهیدکردنی چوار هاوڵاتی کورد سەردانی ئەو شارە دەکات.
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ گرژییەکانی سەرەتای ئەم مانگەی کەرکووک و شەهیدکردن و دەستگیرکردنی دانیشتووانی گەڕەکە کوردییەکانی ئەو شارە دەکات، دواتر راپۆرتێک سەبارەت بەدەرئەنجامی سەردانەکەیان ئامادەدەکەن و پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکەن.
لەدوای رووداوەکانی سێ ئەم مانگەی کەرکووک و شەهیدکردنی چوار هاوڵاتی کوردی ئەو شارە، دۆخی کەرکووک ئاڵۆزە و شارەکە و بەتایبەتی گەڕەکە کوردییەکان بەسەربازگە کراون لەترسی خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی کورد.
گرژی و ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە سەریهەڵدا کە سەرۆکوەزیرانی عیراق محەممەد شیاع سوودانی، فەرمانیدا بە گەڕانەوەی باڵەخانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ حزبەکە، ئەمەش بەپێی رێککەوتنێک بووە کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.
رۆژی 28ی ئاب، خۆپیشاندەرانی عەرەب و تورکمان لە بەردەم بارەگای پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆپیشاندانەکاین رێکخست و داوایان کرد رادەستکردنی باڵەخانەکە رابگیرێت و رێگری لەو حزبە بکرێت کە کارەکانی لە کەرکووک دەستپێبکاتەوە، خۆپیشاندەران خێمەیەکیان داناوە و رێگای سەرەکی نێوان کەرکووک – هەولێریان داخستووە، بەو هۆیەشەوە جموجۆڵی نێوان کەرکووک و ناوچەکە پەکخرا.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 05:00 ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد.
خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کرد.
لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندار بوون.
جگە لە شەهیدکردن و بریندارکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی کوردی کەرکووک، هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە، چوار رۆژنامەنووس و میدیاکاریان دەستبەسەر کرد و یەکێکی دیکەشیان بریندار کرد.