رێرەوێکی ئابووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و هیندستان پێکەوە دەبەستێتەوە

لووتکەی G20
لووتکەی G20

K24 - هەولێر:

شازادەی جێنشینی سعوودیە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە دروستکردنی رێرەوێکی ئابووری واژۆ کرد، کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و هیندستان پێکەوە دەبەستێتەوە.

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە دوای بەشداریکردنی لە لوتکەی وڵاتانی G20 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو پرسانەی لە ماوەی رابردوودا کاریان لەسەر کراوە، هەریەک لە ئەمەریکا، سعوودیە، هیندستان، ئیمارات، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و یەکێتی ئەوروپا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد، کە تایبەتە بە دروستکردنی رێرەوێکی ئابووری نوێ لەنێوان هیندستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو رێرەوە ئابووریە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هیندستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا زیاد دەکات و هێڵی بۆری بۆ هەناردەکردنی کارەبا و هایدرۆجین دروست دەکات، گوتیشی: پڕۆژەکە بەشدار دەبێت لە پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری، کە هێڵی ئاسنین و پەیوەندی بەندەر لەخۆدەگرێت بۆ زیادکردنی تێپەڕبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.