ئێران: ئیسرائیل هەوڵدەدات زیان لە پەیوەندییەکانی ئێمە و سعوودیە بدات
K24 - هەولێر
بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێران ریگەیاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات زیان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە بدات، چونکە پەیوەندییەکانمان ئەوانی تووڕەکردووە.
عەباس نیلفرۆشان، جێگری کارووباری ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای پاسداران رایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات زیان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە بدات.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاویکردەوە، نیلفرۆشان رایگەیاندووە، نزیک بوونەوەی ئێران و سعوودیە، ئیسرائیلی تووڕەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەک چۆن واشنتن پێشتر هەوڵیداوە رێگری لە پەیوەدنیی و نزیکبوونەوەی ئێران و سعوودیە بگرێت، لە رێگەی نمایشکردنی هێزەکانی خۆی.
باسی لەوەشکرد، لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانین بڵێین ئەو رێگایەی ئێمە گرتومانەتە بەر رێگایەکی دروستە. گوتیشی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هێزی ئیسلامی لە ناوچەکە و جیهاندا.
لەبارەی دراوسێکانی ئێرانەوە گوتی: ئێمە 15 وڵاتی دراوسێمان هەیە، دەستی برایەتی و هاوکاری بۆ هەموویان دریژ دەکەین.