هەڵبژاردنەکانی رووسیا.. حزبەکەی پوتن لە چوار هەرێمی ئۆکرانیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی رووسیا سەرکەوتنی پارتی یەکگرتووی رووسیای لایەنگری کرێملینی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی راگەیاند، لە چوار ناوچەی ئۆکرانیا کە لەلایەن مۆسکۆوە لکێنراون بەڕێوەچوو، ئەم دەنگدانەش لەلایەن کیێڤەوە رەتکرایەوە.
ئەو بەرپرسانەی کە لەلایەن رووسیا و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە راسپێردراون، رایانگەیاندووە، دەنگدەرانی ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە بەشێکیان لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی رووسیادایە، زۆرینەی زۆر پشتگیریان لە پارتی یەکگرتووی رووسیا کردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە هەر چوار ناوچە پارتی یەکگرتووی رووسیای سەر بە پوتن زیاتر لە 70%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
دوای زیاتر لە 18 مانگ لە سەرهەڵدانی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، کرێملین هەڵبژاردنی لە چوار ناوچەی ئۆکرانیا ئەنجامدا کە دوای ریفراندۆمێک دانی بە ئەنجامەکانیدا نەدرا کە بچێتە سەر رووسیا.
هەڵبژاردنەکان لە رۆژی هەینی دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ دەنگدان بەردەوام بوو.
لە کاتێکدا ئۆکرانیا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دان بەو "هەڵبژاردنە ناشەرعیانە"دا نەنێت کە لە ناوچەکانی ئۆکرانیای داگیرکراو لەلایەن ووسیاوە بەڕێوەدەچێت.
رۆژی هەینی باڵیۆزخانەی رووسیا لە ئەمەریکا لێدوانەکانی واشنتنی سەبارەت بە ناشەرعییەتی هەڵبژاردنەکان لە ناوچە نوێیەکانی رووسیا بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی رووسیا وەسف کرد.