شۆڕشی ئەیلوول چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ گەلی کوردستان بەدەستهێنا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولە بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، کە شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو، چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ گەلی کوردستان بەدەستهێنا، بەتایبەت رێککەوتننامەی مێژوویی 11 ئادار، کە رژێمی بەعسی ناچاركرد دان بە هەندێک لە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستاندا بنێت.

دوای ئەوەی عەبدولكەریم قاسم، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستانی وەك حزبێكی ئاشكرای یاسایی هەڵوەشاندەوە و لە بەڵێنەكانی لەبارەی مافەكانی كورد لە چوارچێوەی عێراقدا پەشیمانبووەوە، ناچار كورد دەستی بە خەباتی سیاسی نهێنی و خەباتی چەكداری كرد، بڵێسەی ئاگری شۆڕشی ئەیلوول بەڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی ئەیلوول لە 11/9/1961 راگەیەندرا.

خەباتی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول سەخت بوو، جیهان دوو جەمسەر بوو، لەلایەن هەردوو وڵاتی زلهێز ئەمەریكا و سۆڤیەت، بەڵام شۆڕشێكی گەورەبوو، زۆری نەخایاند شۆڕش لە خانەقینەوە تا زاخۆ بووە راستیەكی حاشا هەڵنەگر و كورد ھەمووی خرۆشا و ئامادەی قوربانیدان بوو، رۆژ دوای رۆژیش متمانەی خەڵك بە بارزانی و بە شۆڕش بەهێزتر دەبوو.

یەكەمین بەرهەمی ئەم شۆڕشە كە لە مێژوودا بە دیكیۆمێنت كراوە رێكکەوتنی 11 ئاداری 1970 بوو، كە گفتۆگۆكانی ساڵی 1991یش لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا لەسەر بنەمای ئەو رێکكەوتنە بوو.

 

پێش هەڵگیرسانی شۆڕش، كورد دەچەوسێنرایەوە و هیچ جۆرە مافێكی نەتەوەیی نەبوو،  مافی خوێندن بە زمانی كوردی نەبوو، نەیدەتوانی شانازی بە ناسنامەی خۆیەوە بكات، عێراق پاشگەزبووەوە لە بڕواهێنان بەو مافانەی لە دوای دامەزراندنی سیستەمی كۆماری دانی پێدانابوو، تا دەگاتە ساڵی 19970 و لە 11 ئاداری ئەو ساڵدا، رێكکەوتنی نێوان كورد و بەغدای لێكەوتەوە.

گەلەكۆمەكی نێودەوڵەتی و رێکكەوتننامەی جەزائیریش لە 6/3/1975، گەورەیی شۆرشی ئەیلوولی دەرخست، بەوەی كە دەستەڵاتدارانی عێراق بە تەنیا نەیاندەتوانی شۆڕش سەركوتبكەن و كۆتایی بە خەباتی كورد بۆ گەیشت بە مافەكانی بێنن.

ئێستاش سەرۆك بازرانی درێژەپێدەری بەدیھێنانی ئەو ئامانجانەیە كە باوكی، مەلا مستەفا بارزانی، خەباتی بۆكرد، هەموو تواناکانی بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەزموونی کوردستان و برەودان بە دیموکراسی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان و زامنکردنی مافەکانیانە، تا ئەو رۆژەی کوردستان دەگاتە کەناری سەربەخۆیی.