وەزارەتی ناوخۆ: رۆژانە دوو هەزار شوفێر لە هەولێر سوود لە بڕیاری داشکاندنی سزاکانی هاتووچۆ وەردەگرن
K24 - هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بڕیاری داشکان لە قەرزەکانی سزای هاتووچۆی شۆفێران رایدەگەیەنێت: رۆژانە هەزار تا دوو هەزار شوفێر لە هەولێر سوود لە بڕیاری داشکاندنی سزاکانیان وەردەگرن.
وەزارەتی ناوخۆ، رایگەیاند: "لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر رۆژانە لە نێوان 1000 تا 2000 مامەڵەی نوێکردنەوەی ساڵیانە و گۆڕینی خاوەندارێتی بەڕێوەدەچێت، واتا رۆژانە لە نێوان هەزار تا دوو هەزار شوفێر ئەگەر سزایان لەسەر بێت، سوود لەو بڕیارەی وەزارەت وەردەگرن بۆ داشکاندنی %20ی سزاکانیان".
دوێنێ 10/9/2023، وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە قەرزەکانی سزای هاتووچۆی شۆفێران، فەرمانێکی وەزاری لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەرکرد، کە بە رێژەی 20% لە قەرزەکانی سزای هاتووچۆی شۆفێران خۆشدەبێت.
لە فەرمانێکی وەزاریدا کە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی کردووە و ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە: "بڕیار درا بە لێخۆشبوون بە رێژەی 20% لە قەرزەکانی سزای هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ، لە 28ـی 8ـی 2023ـەوە تاوەکو 28ـی 2ـی 2024".
ئاماژە بەوەشدراوە، هەر کەسێک لەدوای کۆتاییهاتنی ئەو ماوەیە، پێبژاردن نەدات، لەماوەی 30 رۆژدا، ئەوا بەپێی بەشی 20 لە یاسای هاتووچۆ ژمارە 86ـی ساڵی 2004 مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
هەروەها بەپێی خاڵەکانی یەکەم و سێیەم لە بەشی 20 لە یاسای ژمارەی (86)ـی هاتووچۆ، هەر شۆفێرێک لە ماوەی 30 رۆژ لە رێکەوتی تۆمارکردنی سەرپێچییەکە پێبژاردن نەدات، ئەوا بڕی پارەی پێبژاردنەکەی دوو هێندە دەکرێت بۆ یەکجار.