شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا
K24 - بەغدا
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ گەشتە بەغدا.
شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ عومەر وائلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ساماڵ عەبدورەحمان بەڕێوبەری گشتی گومرکی هەرێم ئەندامی شاندەکەیە و لە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەشداری کۆبوونەوەیەکی دەستەی گشتی خاڵە سنوورییەکانی عێراق دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 11/9/2023، کۆبوونەوەی دەستەی گشتی خاڵە سنوورییەکانی عێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، لەمیانی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاری لەبارەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەخەنەڕوو.
بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی کوردستان مانگانە سەدا 50ی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا دەکات، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تەواوی پابەندییەکانیان بەپێی یاسا و دەستوور جێبەجێکردووە.