د. محەممەد شوکری: هەرێمی کوردستان لەم دوو دەیەی رابردوو پێشکەوتن و کرانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە

"کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان لە 2006ـەوە زیاتر لە 66 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە"

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان
د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان

K24 - هەولێر:

د، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی دارایی و وەبەهێنان و ئافرەت کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندە بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ.

د. محەممەد شوکری لە کۆنفراسەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا بە ناوی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنان بەخێرهاتنی بەشداربووانی کۆنفراسانەکەی کرد کە بەشێکیان لە وڵاتانی ناوچەکەوە هاتبوونە هەرێمی کوردستان.

چەندین وەزیر و پەرلەمانتاری وڵاتان و کەسایەتی ئابوری و سیاسی و وەبەرهێنەر و کەسایەتی میدیایی و کەسایەتی کە بایەخ بە کەرتی وەبەر‌هێنان و گەشتوگوزار دەدەن لە وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ بەشدارن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە گوتارەکەیدا هیوایخواست سەردانی بەرپرسان و وەبەرهێنانی وڵاتانی ناوچەکە ببێتە دەستپێکێکی باش لە ناسینی هەرێمی کوردستان و کرانەوەی دەرگای چەندین دەرفەت و هاوبەشی نوێ لەو کەرت و چالاکییانەی کە جێی بایەخی ئەوان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشن.

د. محەممەد شوکری لە گوتارەکەیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو وڵاتانی دیکەی عەرەبی لەم ساڵانەی دواییدا، گوتیشی: چاومان لەوەیە پەیویەندییەکان فراوانتر ببن و بگەنە ئاستێکی بەرزتر، بەتایبەت لە بواری وەبەرهێنان.

بە ئاماژەدان بەوەی هەرێمی کوردستان لەم دوو دەیەی ڕابردوو پێشکەوتن و کرانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، گوتی: ئەمە بە پلەی یەکەم بەهۆی ئەو سەقاگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە دی کە وای کردووە وەبەرهێنەران بەبێ مەترسی و دابڕان درێژە بە کار و چالاکییان بدەن. 

روونیشیکردەوە، ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی پرۆژەی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە بە گشتی لە 2006ـەوە تا ئێستا لە چەندین سێکتەری جیاوازدا بە بڕی زیاتر لە 66 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە.

بە گوتەی د. محەممەد شوکری، کۆمەڵێک فاکتەری گرنگ هەن کە وایان کردووە وەبەرهێنەران هەرێمی کوردستان هەڵبژێرن و ئێستاش ئەو فاکتەرانەرانە و زیاتریش هەن کە وا دەکەن هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی زۆر لەبارتر بێت بۆ وەبەرهێنەران بەراورد بە ناوچە و وڵاتانی دەوروبەر، بەشێک لەو فاکتەرانە بریتین لە؛ ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە کوردستان بەردەستە، هاندەری زۆر بۆ وەبەرهێنەران (لە پێدانی زەوی، بەخشین لە باج بۆ 10 ساڵ، تا هاندانی زیاتر بۆ پرۆژەی هاوبەش و ئەو پرۆژانەی لە ناوچە کەم پەرەسەندووەکان دەکرێن)، هەروەها هەبوونی سەرچاوەی مرۆیی پێویست، کۆمەڵگەیەکی زۆرینە گەنج و خوێندەوار، هەروەها بوونی کۆمەڵێک سەرچاوەی ماددەی خاو.

د. محەممەد شوکری لە گوتارەکەیدا باسی لەوەکرد، "وەک دەستەی وەبەرهێنان پێشوازی لە پرۆژەی وەبەرهێنان دەکەین لە کۆمەڵێک کەرتی جۆراوجۆر، ئەوەی ئێستاش سەرنجی ئێمەی لەسەرە بریتین لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، و گەشتیاری. کە پێمان وایە هەرێمی کوردستان توانا و سەرچاوەی زۆر باشی هەیە بۆ پێشخستنی ئەم کەرتانە و هاندانی وەبەرهێنانی زیاتر تێیاندا".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە ئاماژەدان بە مێژوویەکی دوورودرێژی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و بە پیتی خاکەکەی گوتی: ئێستا کەرتی کشتوکاڵ لە کەرتە بنەڕەتییەکان و ساڵانە جوتیارانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بەرهەمی زۆر باش بەرهەم دەهێنن، لەوانە گەنم، پەتاتە، تەماتە، خەیار و میوەکان (وەک هەنار و سێو و ترێ). هەندێک لەم بەرهەمانە ساڵانی پێشتر رەوانەی وڵاتانی کەنداویش کراون و ئێستاش هەوڵ دەدەین کە هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاتر بکەین و هانی وەبەرهێنەرانیش دەدەین کە پرۆژەی زیاتر لە بواری کشتوکاڵ بکەن، بەتایبەت بۆ پرۆژەکانی پیشەسازی خۆراک بەکەڵک وەرگرتن لە بەرهەمە خۆماڵییەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، لە کەرتی پیشەسازیشدا چەندین کارگەی بچووک و گەورە دامەزراون، کە بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەکانی کوردستان و ناوچەکانی دیکەش عێراق. راشیگەیاند: لە بواری کەرستەی بیناسازی کۆمەڵێک کارگەی باش دامەزراون و، لە بوارەکانی دیکەش هیوادارین کە ئاستی بەرهەمهێنانی پیشەسازیمان سەربخەین بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستی کوردستان و تەواوی عێراق و هەناردتی بۆ وڵاتانی دراوسێ.

جگە لە کشتوکاڵ و پیشەسازی، د. محەممەد شوکری ئەوەی خستەڕوو، کە ئەوان هانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی دیکەش دەدەن. لەوانە وزەی نوێبووەوە، گەشتیاری، تەندروستی، پەروەردە، ژێرخان و تەکنەلۆژیای زانیاری. گوتیشی: ئەم بوارانە توانایەکی گەورەیان هەیە بۆ گەشەکردن، و پێمان وایە کە هاوبەشیکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی وەک ئێوە نەک تەنها سوود بە هەرێمەکەمان دەگەیەنێت بەڵکوو قازانجی زۆریشیان تێدایە بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی زوو وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.

جەخت لەوەش کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندە بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ.

د، محەممەد شوکری پێی وایە، سەردانی وەبەرهێنەران و بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە ئابوورییەکان دەکاتە و گوتیشی: هیوادارین ڕێگە خۆش بکات بۆ زیادکردنی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و زانیاری و وەبەرهێنانی هاوبەش کە سوودی بۆ هەردوو لامان هەبێت.

هەر سەبارەت بە سەردانی بەرپرسان و وەبەرهێنەرانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە کۆتایی گوتارەکەیدا، ئەوەی خستەڕوو، کە ئەوان ئەرکیان پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنەرانە بە درێژایی گەشتەکەیان لە کوردستان. راشیگەیاند، دەستەی وەبەرهێنان هاوکاری دەکات لە دیاریکردنی دەرفەتەکان و مۆڵەتدان و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان و تەواوی ئاسانکاری بۆ پڕۆژەکان لە دەستپێکەوە تا تەواوبوون و ماوەی کارکردنیش.