چالاکوانانی مەدەنی سکاڵای یاسایی لەسەر چەند پەرلەمانتارێک و شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەکەن
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە، تیمێك لە پارێزەران و چالاکوانانی مەدەنی و کۆمەلێك گەنجی خۆبەخش لە سەرتاسەری کوردستان ، سکاڵای یاساییان تۆمارکرد لەدژی کەسانێك کە سالانێکە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
لە کۆنگرەییەکی رۆژنامەوانیدا چالاکوانان راگەیەندراوێکیان خوێندنەوە و رایانگەیاند، ئەوانەی هەڵساون بە بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و دروستکردنی بێ متمانەیی لە نێوان تاکی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەبڵاوکردنەوەی لێدوانی چەواشەکارانە، بەمەبەستی شێواندی رای گشتی و بەهێز کردنی گوتاری داگیرکارانە، لەنێو کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان، راپێچی دادگا دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەکانی رابردوودا ئەوانەی دەیانگوت ئەگەر نەوتی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێت ئەوە پارە لەبەغداوە دێت، بەشێکیان لەبەغدا بەناوی خەڵکی کوردستان سکاڵایان لەهەرێم کردووە، دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێننەوە و مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر بەغدا، بۆیە لێرەوە رایدەگەیێنین، سەرجەم ئەوکەسانە راپێچی بەردەم دادگا دەکەین و دەبێت لە دادگا وەڵامی خەڵکی کوردستان بدەنەوە، ئەوانەی دەیانگوت نەوت ڕادەستی بەغدا بکەن، فەرموون ئەگەر خەمخۆرن بڕۆن مافی خەڵکی کوردستان لە بەغدا وەربگرنەوە.
دەشڵێت: ئەوانەی رووبەرووی دادگا و داواکاری گشتی دەکرێنەوە بریتین لە، "غالب محەممەد پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، یوسف مامەند سادق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، هۆشیار عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ"، گوتیشی: ئەگەر بەگوتەی ئەوان بووایە دەبووایە ئێستا چەندین مووچە بدرابووایە.
راشیگەیاند، لێرەوە دەڵێین ئەوانە و چەند گروپێکی دیکە بوونەتە هۆی شێواندن و تێکدانی بازاڕ و دەروونی خەڵک، هەروەها چەواشەکردنی خەڵک و کێشە کۆمەڵایەتی، کە لەئاکامدا گەنجێکی زۆر روو لەوڵاتانی دەرەوە بکەن.