سەعد شەهرانی: ساڵی رابردوو هەناردەی کاڵاکان لە سعودییەوە بۆ عێراق پێنج ملیار و 500 ملیۆن ریال بووە
K24 - هەولێر:
بریکاری وەزارەتی وەبەرهێنانی سعوودیە بۆ بازرگانی ئاشکرای دەکات ئاڵوگۆڕی بارزگانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق ساڵی رابردوو پێنج ملیار و 500 ملیۆن ریالی تێپەڕاندووە و کار بۆ زیاتریشی دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی ئەیلوول لە هەولێر کۆنفرانسێک لەبارەی کەرتی دارایی و وەبەهێنان و ئافرەت دەستیپێکرد و تا 13ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
سەعد شەهرانی، بریکاری وەزارەتی وەبەرهێنانی سعوودیە بۆ بازرگانی لە کۆنفراسی دارایی و وەبەرهێنان و ئافرەت گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا بەناوی وەزیری وەبەرهێنانی سعوودیەوە سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە، گوتیشی: ئەو هیوادار بوو بەشدار بێت بەڵام بەهۆی لووتکەی G20ـەوە نەیتوانی ئامادەی ئەم کۆنفرانسە بێت.
سەعد شەهرانی ئەوەشی خستەڕوو، سعوودیە بەردەوامە لە پەرەپێدانی هاوبەشی لەگەڵ عێراقدا و لە هەموو بوارەکاندا کار لەگەڵ عێراق دەکات.
بریکاری وەزارەتی وەبەرهێنان بۆ بازرگانی راشیگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانی سعوودیە و عێراق لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی سەدا 50 گەشەی کردووە، هەروەها هەناردەی کاڵاکان لە سعودییەوە بۆ عێراق پێنج ملیار و 500 ملیۆن ریال بووە، هاوکات هاوردەی کاڵاکانیش لە عێراقەوە بۆ سعوودیە زیادی کردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، چەندین هەلی ئابووری و بازرگانی عێراق و سعوودیە بە یەکەوە دەبەستێتەوە، وەک دوو وڵاتی خاوەن سامانێکی گەورەی مرۆیی و پێگەی ستراتیژی.
لەلای خۆیەوە، حسنین خەفاجی، سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، کە ئەوان پشتیوانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان دەکەن لە سەرجەم بورەکانی عێراقدا هەلی وەبەرهێنانمان رەخساندووە، لەوانە گەشتوگوزار و کشتوکاڵ.
راشیگەیاند، دەستەی وەبەرهێنان و رێکخراوەکانی وەبەرهێنان بەردەوام سەرنجیان لەسەر ئەوەیە کە، هەلی وەبەرهێنان برەخسێنن و لەرێگەی میدیاکانەوە خەڵکانی دەرەوە هانبدەن لە عێراق وەبەرهێنان بکەن.