فازڵ میرانی: ناکرێت سۆشیال میدیا سەرکردایەتی میللەتێک بکات
K24 - هەولێر:
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی سۆشیال میدیا لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، گوتی: ناکرێت سۆشیال میدیا سەرکردایەتی میللەتێک بکات.
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سیمنارێکدا بە بۆنەی یادی 62 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە شەقڵاوە رایگەیاند، ئەوەی ئێستا لە سۆشیال میدیای هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت هەندێکی دەستێکی بیانی و هەرێمی بۆ تێکدانی دۆخەکەی لە پشتە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی راشیگەیاند، سۆشیاڵ میدیا ناکرێت سەرکردایەتی میللەتێک بکات.
گوتیشی: سۆشیاڵ میدیا ئامرازێکی تەکنەلۆجیای سەردەمیە، دەکرێت بە باشە سوودی لێوەربگیرێ، بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە سەرکردایەتی حزبەکان بەشوێن سەرکردایەتی سۆشیاڵ میدیا نەکەون.
سەبارەت بە نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، فازڵ میرانی روونیکردەوە، حکومەتی عێراق بە هەڵوێستەکانی ئەمڕۆی، دەیەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی هەرێم رازی نەبێت، ئەمەش مەرامی دیکەی لەپشتە.
وەک بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی پێدا، بۆچوونێک لە بەغدا هەیە کە پێیوایە "ئێمە لە ئەرکدا هاوبەشین و لە مافدا جیاوازین".