ئێران: بەمزووانە رێککەوتنی ئاڵگۆڕی زیندانییان لەگەڵ ئەمەریکا جێ بەجێ دەکرێت

ناسر کەنعانی
ناسر کەنعانی

K24 - هەولێر

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، وڵاتەکەمان گەشبینە بە جێ بەجێ کردنی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانیان لەگەڵ واشنتن، لەماوەیەکی نزیکدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی داهاتوودا، هەموو پارە بلۆککراوەکانی تاران لە کۆریای باشوور، کە 6 ملیار دۆلارە، ئازاد دەکرێت. کەنعانی دەشڵێت: ئەو دووبابەتە بەیەکەوە نەبەستراونەتەوە.

سەرچاوەکان بە رۆیتەرزیان راگەیاند، گواستنەوەی پارەی ئێران بۆ بانکەکانی قەتەر لەم هەفتەیەدا دەبێتە هۆی رێککەوتنێک، کە تیایدا پێنج هاوڵاتی ئەمەریکی، ئێران بەجێدەهێڵن و ژمارەیەکی هاوشێوەی ئەو زیندانییە ئێرانییانەی کە لەلایەن ئەمەریکاوە دەستگیرکراون دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

وەک هەنگاوێکی سەرەتایی لە 10ی ئابدا، ئێران چوار هاوڵاتی ئەمەریکی لە زیندانی ئێڤینی تاران ئازاد کرد و لە زیندانی ناچاری لەماڵەوە دایناون.

دواتر لەو رۆژەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ئەم هەنگاوەی بە یەکەم هەنگاو لە پرۆسەیەکدا ناوبرد کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان.