عەلی تەتەر: ئەوەی لە بەغدا دەکرێت پیلانێکە بۆ لەناوبردنی گەلی کوردستان

K24 – هەولێر:
پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، تەنیا بە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئەوەی لە بەغدا دژ بە هەرێم دەکرێت، پیلانێکە بۆ لەناوبردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی قەوارە دەستوورییەکەی.
رۆژی دووشەممە (11ـی ئەیلوولی 2023)، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، پێدانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەخۆدەگرێت.
عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەکرد، پشتگوێخستنی هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و سنووردارکردنی کێشەکانی تەنیا لە پرسی مووچە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر داهاتووی هەرێمی کوردستان کە سیاسەتێک هەیە لە عێراق دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری دهۆک روونیکردەوە، ئێمە پێشتریش رامانگەیاند مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، مافی خاک، زمان، کلتوور و بوونی کورد و مافی دەستووری لە چوارچێوەی فیدراڵی و مافە نەتەوەییەکانی دیکەش لەخۆدەگرێت، بەڵام هەموو ئەمانە بەهەند وەرناگیرێن و ئێمەش هۆشداریماندا لەو مەترسییە داوە.
هاوکات عەلی تەتەر گوتیشی، مەتریسییەکان لەوە گەورەترن لەوەی بیری لێدەکەنەوە و ئەوەی هەیە پیلانێکە بۆ برسیکردن و لەناوبردن و سڕینەوەی گەلی کوردستان لەسەر خاکی خۆی و ئەو دەستکەوتانەی ھەزاران شەھیدی لەپێناو دراوە.