رێبوار بابکەیی: هەرێمی کوردستان بەشێكی زیندووی جەستەیەکی مردووە کە ناوی عێراقە
K24 - هەولێر:
رێبوار بابکەیی لەبارەی مامەڵەی بەغدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵی هێزە شیعەکان بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان، گوتی: هەرێمی کوردستان بەشێكی زیندووی جەستەیەکی مردووە کە ناوی عێراقە، هەربۆیە حکومەتی عێراق ناتوانێت ئەم بەشە زیندووە کە ئۆکسجین دەدات بە بەشەکانی دیکەی عێراق، لەکەدار بکات.
رێبوار بابکەیی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 10:00ـی کوردستان24، سەبارەت بە نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، باسی لەوەکرد، ئەمە یەکەمجار نییە بەغدا هەڵوێستی لەمجۆرە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، گوتیشی: هەڵوێستی ئەمجارەی بەغدا درێژەپێدەری ئەو سیاسەتەیە کە لە رابردوودا بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر.
ئاماژەی بەوەشدا، بەغدا گێچەڵی سیاسی بە هەرێمی کوردستان دەکات.
رێبوار بابکەیی رایگەیاند: ئێمە لەسەروبەندی هەڵبژاردنین، هێزە شیعەکانیش بۆئەوەی شکستەکانی خۆیان پەردەپۆش بکەن و قەیرانەکانی نێوخۆیان بگوازنەوە دەرەوەی عێراق، دێن یەخەی هەرێمی کوردستان دەگرن.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەشێك لە هێزە شیعەکان دەیانەوێت پەیامێک بگەینن بە شەقامی عێراقی، کە گوایە سەرچاوەی کێشەکان حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
وەک رێبوار بابکەیی ئاماژەی پێدا، ئامانج لەو سیاسەتەی هێزە شیعەکان پەیڕەوی دەکەن، لاوازکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بچووکردنەوەی پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانە، گوتیشی: بەڵام ئەم سیاسەتە لە رابردوودا سەری نەگرتووە و ئێستاش سەرناگرێت.
سەبارەت بە حکومەتی عێراق و ئەو هێزە شۆڤێنیستانەی بە بێ بنەما دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، رێبوار بابکەیی دەڵێت: ئەوان بەدوای پاساوێکدا دەگەڕێن بۆ لێدان لە هەرێمی کوردستان، کاتێک بەهۆی بڕیاری دادگەی پاریس هەرێمی کوردستان نەیتوانی نەوتەکەی خۆی هەناردە بکات، ئەمەیان بە دەرفەت زانی بۆئەوەی کێشەکان قوڵتر بکەنەوە.
رێبوار بابکەیی باسی لەوەکرد، حکومەتی عێراق تا ئێستا نە پابەندی رێککەوتنەکان بووە، نە یاسای بودجەی وەک خۆی جێبەجێ کردووە، گوتیشی: ئێمە پشوو درێژین و بەپێی دەستوور و یاسا مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەین.
وەک ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی پێدا، هەرێمی کوردستان بەشێكی زیندووی جەستەیەکی مردووە کە ناوی عێراقە، هەربۆیە حکومەتی عێراق ناتوانێت ئەم بەشە زیندووە کە ئۆکسجین دەدات بە بەشەکانی دیکەی عێراق، لەکەدار بکات.
سەبارەت بە لێدوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە باسی لەوەکردووە، لە یاسای بودجەدا باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەکراوە، رێبوار بابکەیی گوتی: راستە وەک چەمک باسی مووچەی فەرمانبەران نەکراوە، بەڵام لە یاساکەدا هاتووە، بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، واتە حکومەتی عێراق پێویستە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە لەنێویشیاندا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەیە.
لەبارەی پێدانی 500 ملیار دینار قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، رێبوار بابکەیی دەڵێت: ئەو قەرزەی ئەوان باسی دەکەن، لە یاسای بودجەدا نەهاتووە، ئەمجۆرە مامەڵەیەی حکومەتی عێراق ئەوە دەگەیەنێت، وەک بڵێی هەرێمی کوردستان بەشێك نییە لە عێراق، چونکە قەرز وڵاتێک دەیدات بە وڵاتێکی دیکە یان دامەزراوەیەکی وەک بانکی نێودەوڵەتی دەیدات بە وڵاتێک.
سەبارەت بە کەرکووک و کارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان هەرگیز دەستبەرداری کەرکووک نابێت، گوتیشی: دۆسیەی کەرکووک بە سیاسی کراوە، ئەویش بۆئەوەی رێگە لە پارتی بگیرێت بۆئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکات.
راشیگەیاند، پارتی واتە هەرێمی کوردستان، کارتەکانی پارتی و هەرێمی کوردستان زۆرن، کاتێكیش پارت قسەی خۆی دەکات، دڵنیابن قسەی کۆتایی و یەکلاکەرەوە دەبێت، گوتیشی: یەکریزی نێوماڵی کورد رەنگە یەکێک بێت لە بەهێزترین کارتەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو سیاسەتەی کە لەبەغدا دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت.
سەبارەت بەو لایەن و کەسایەتییانەی لەماوەی رابردوودا پشتگیری ئەوەیان دەکرد، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێتەوە، رێبوار بابکەیی گوتی: ئەوانەی لەگەڵ رادەستکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوون، لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بۆ دوو مەبەست بەکاردەهێنران، یەکێکیان چەواشەکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو، مەبەستی دووەمیش دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان.