وەزیری دەرەوەی نەمسا گەیشتە هەولێر

سەفین دزەیی پێشوازی لە ئەلکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا دەکات
سەفین دزەیی پێشوازی لە ئەلکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا دەکات

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی نەمسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر و وابڕیارە سبەی چوارشەممە بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

ئەمشەو (سێشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2023)، ئەلکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا بە سەردانێکی فەرمی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان.

وەزیری دەرەوەی نەمسا لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکومی پێشوازی لێکرا و سبەی چوارشەممە دەست بە کۆبوونەوە فەرمییەکانی دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەلکساندەر شالنبێرگ لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیداری دەبێت و پرسی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی نەمسا لە هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەشێک دەبن لە گفتوگۆکانی دیدارەکان.

نەمسا پەیوەندییەکی لەمێژینەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و پێشتر نووسینگەی بازرگانی وڵاتەکەی لە هەولێر کردووەتەوە و هێڵی فڕۆکەوانی نەمساوییش لە ساڵی 2006ـەوە گەشتی راستەخۆی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی دەستپێکردووە، کە یەکەم کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئەوروپی بووە، گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی لەنێوان فڕۆکەخانەی هەولێر و وڵاتانی دیکەی جیهان دەستپێکردووە.

هەروەها لە شوباتی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەریەکە لە گێرۆڵد ڤۆڵمەر، بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا و ئۆسکار وەستنگەر، باڵیۆزی نەمسا لە ئوردن و عێراق کرد و گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپیدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد.

لە ماوەی رابردووش، چەندین جار بەرپرسانی باڵای نەمسا، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەو وڵاتە کردووەتەوە.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە (11ـی ئەیلوولی 2023)، ئەلکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا راگەیاند کە لە ساڵی 1991ـەوە، نەمسا باڵیۆزخانەی لە بەغدا داخستووە و تەنیا نوێنەرایەتییەکی بازرگانی لە بەغدا هەبووە.

Fly Erbil Advertisment