کۆنگرێس بە فەرمی لێکۆڵینەوە لەگەڵ بایدن دەستپێدەکات

جۆو بایدن
جۆو بایدن

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کیڤن مەکارتی رایگەیاند، کۆنگرێس بە فەرمی رێوشوێنی لێکۆڵینەوە لە دژی سەرۆکی ئەمەریکا دەستپێدەکات.

مەکارتی لە میانەی راگەیاندراوێکی فەرمیدا لە کۆنگرێس گوتی: جۆو بایدن پۆستەکەی وەک جێگری سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا باراک ئۆباما بەکارهێناوە بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی هەنتەری کوڕی، کە بووەتە هۆی دەوڵەمەندکردنی خێزانەکەی و تۆمەتباری کرد بە گەندەڵی و رێگرتن.

کۆشکی سپی بە خێرایی ئیدانەی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکەی کرد و رایگەیاند، ئەوە پاڵنەری سیاسیی لەپشتە.

مەکارتی داوای لە لیژنەکانی کۆنگرێس کرد، بە فەرمی دەست بە پرۆسەی لێکۆڵینەوە بکەن و گوتیشی: " ئەمە هەنگاوێکی لۆژیکییە کە دەسەڵات بۆ لیژنەکانی دەڕەخسێنێت بۆ کۆکردنەوەی راستییەکان و وەڵام بۆ خەڵکی ئەمەریکا"، خەڵکی ئەمەریکا شایەنی ئەوەن بزانن کە پۆستەکانی حکومەت بۆ فرۆشتن نییە و حکومەتی فیدراڵی کردارەکانی خێزانێکی سیاسی ناشارێتەوە و داوای لە بایدن و تیمەکەی کرد بە تەواوی هاوکاری لێکۆڵەرەوەکان بکەن شەفاف بن.

بەمشێوەیە، مەکارتی کۆتایی بە پرسیارەکان هێنا سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمی خۆی دەربارەی پرۆسەی لێکۆڵینەوەکردن لە بایدن، ئەمەش دوای فشارێکی زۆر لەلایەن باڵی راستی حیزبەکەیەوە لە ئەنجومەنەکەدا.

نوێنەری کۆمارییەکان مات گەیتس هەڕەشەی دەستپێکردنی هەوڵەکانی کرد بۆ دەرکردنی مەکارتی لە سەرۆکایەتی حیزبەکەی ئەگەر رازی نەبێت بە دەستپێکردنی پرۆسەی لێکۆڵینەوەکردنەکە، ئەمەش هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر مەکارتی کە رێککەوتنێکی لەگەڵ گەیتس مۆرکردووە لە بەرامبەر گەیشتنی بە سەرۆکی ئەمەریکا دوای دژایەتییەکی توندی هەندێک لە یاسادانەران.

هەرچەندە پێدەچێت هەوڵەکانی لێکۆڵینەوەکان بەو شێوەی ئێستا شکست بهێنن بەهۆی نەبوونی هیچ پشتیوانییەکی بەرچاو لەلایەن کۆمارییەکانەوە، لە ئەنجومەنی پیران، بەڵام دۆسیەکە دەبێتە بابەتی گەرمی هەڵبژاردنەکان، هەروەها تیشک دەخاتە سەر بایدن و کوڕەکەی کە رووبەڕووی چەندین کەیس دەبنەوە لە دادگاکانی ئەمەریکادا.

بەڵام ئەوە روون و ئاشکرایە کە دیموکراتەکان ئاسانکاری ناکەن بۆ کۆمارییەکان لە هەوڵەکانییان بۆ لێکۆڵینەوە کردن، سەرۆکی لیژنەکە جەیمی راسکین لێکۆڵینەوەکەی بە شکستێکی گەورە لە مێژووی لێکۆڵینەوەکانی یاسادانان ناوبرد.