بەشیر حەداد: عێراق بیانووی سیاسی بە هەرێمی کوردستان دەگرێت
K24 – هەولێر:
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، بەغدا پابەندی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەولێر نەبووە، هاوکات دەڵێت: سەردانەکەی سبەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا سەردانێکی یەکلاییکەرەوە دەبێت، ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بکشێتەوە لە حکومەتی عێراق، ئەمەش دەبێتە هۆی ئیفلیجبوونی حکومەتەکەی سوودانی.
بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، ئەو بیانوویانەی کە بەغدا بە هەرێمی کوردستان دەیگرێت سەرجەمیان بیانووی سیاسین، ئەو کاتیش "ئێمە دەمانگووت بابەتەکە بابتێکی یاسایی نییە، ئەگەر داواکارییەکانی بەغدا بە تەواویش جێبەجێ بکرێن ئەوان هەر داوای شتی زیاتر دەکەن لە هەرێمی کوردستان".
هاوکات راشیگەیاند، دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی هاتن بۆ هەرێمی کوردستان راپۆرتەکەیان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوو، هەموو داتا و زانیارییەکانی هەرێمیان لایە، بەڵام کە سەیری دەکەی بیانوو لە دوای بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرن، ئەوەی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکات شەڕ پێفرۆشتنێکی سیاسییە.
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: دەسەڵاتدارانی عێراق لە سیستەمی فیدراڵی عێراق پەشیمانن. لە دەستوورەکەی پەشیمانن کە هەندێک مافی بە هەرێمی کوردستان داوە، مامەڵەیکی فیدڕاڵی لەگەڵ هەرێمیش ناکەن، دەسەڵاتدارانی عێراق بڕوایان بە ئەقڵییەتی فیدڕاڵی و فرەیی نییە، دەیانەوێت وەک وڵاتێکی مەرکەزی مامەڵە بکەن.
ناوبراو روونیکردەوە، ئەو فیدڕاڵییەی کە هەرێمی کوردستان وەریگرتووە عێراق دەیەوێت ئەویشی لێ وەربگرێتەوە، دەیەوێت وەک پارێزگایەک یاخود کەمتر لە پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات.
بەشیر حەداد، گوتی: حکومەتی عێراق رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک خۆی جێبەجێ ناکات، هەمیشە لە بڕیارەکانی خۆیان پەشیمان بوونەتەوە، بەهۆی ئەوەی بڕیارەکان لە بەغدا بە دەستی حکومەت نییە بەڵکو بە دەستی ئەو لایەنانەیە کە لە دەرەوەی حکومەتن، ئەو هێزانەی کە لە دەرەوەی حکومەتن هەژموونیان بەسەر حکومەتەکە هەیە.
گوتیشی: حکومەتی سوودانی حکومەتێکی بەهێز نییە، بۆیە وابەستەیە بەڕای ئەو لایەنانەی کە هێناویانە سەر حکوم، حکومەتی عێراق حکومەتی براوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵکو حکومەتی دۆڕاوی هەڵبژارنەکانە، چونکە لایەنە براوەکان لە حکومەت کشانەوە.
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، سوودانی ئەو رێککەوتنانەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە ناتوانێت جێبەجێی بکات.
لەبارەی سەردانەکەی سبەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بەشیر حەداد، گوتی: سەردانەکەی سبەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا سەردانێکی یەکلاییکەرەوە دەبێت، هەروەها "دەبێت بە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بگوترێت ئەم سەردانە یەکلاییکەرەوەیە و ئێمە جارێکی دیکە ناگەڕێنەوە، چونکە زیاتر لە 20 جارە ئەم شاندە ئەم هەموو رێککەوتنانە واژۆدەکات کەچی وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، ئیدی دەبێت هەڵوێست وەربگیرێت بەرامبەریان".
گوتیشی: هەرێمی کوردستان هێشتا کارتێکی فشاری بەهێزی لەژێر دەست ماوە، یەک لەو کارتانە کشانەوەیە لە حکومەتی عێراق، بە تایبەت ئەگەر تەنیا پارتی بکشێتەوە حکومەتەکەی سوودانی ئیفلیج دەبێت، بارودۆخی سیاسی لە عێراق تێکدەچێت، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ و ئەمەریکادا نییە.