حکومەتی میسر نیقاب لە قوتابخانەکان قەدەغە دەکات
K24 - هەولێر:
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی میسر (نیقاب) لە قوتابییانی قۆناغەکانی پێش زانکۆ قەدەغە دەکات و رێکاری دیکەش بۆ لەبەرکردنی سەرپۆش دادەنێت.
رەزا حەجازی، وەزیری پەروەردەی میسر لەبارەی تایبەتمەندییەکانی یەکپۆشی لە قوتابخانەکان بڕیاریدا، هەر جلوبەرگێک کە قوتابییەکە بەدڵی خۆی هەڵیدەبژێرێت، دەبێت رووخساری بەتەواوی دیار بێت و نابێت دایبپۆشێت.
بە گوێرەی وەزارەتی پەروەردەی میسر، ئامانج لە دانانی ئەو رێکارانە بۆ جلوبەرگی قوتابییان، کەمکردنەوەی قسەی ناشرین و گاڵتەکردنە لەنێو قوتابییاندا بە جلی یەکدی، هەروەها کەمکردنەوەی کات بەفیڕۆدان و کێبڕکێی نێوان خوێندکاران لەسەر بنەمای شانازیکردن و خۆنمایشکردن، هاوکات رێزگرتن لە یاساکانی دیسیپلین، رێکخستن.
نەبیل دەباس، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و توێژینەوەی زانستی ئەنجومەنی پیران لە میسر دووپاتی کردەوە، کە بڕیاری قەدەغەکردنی نیقاب لە قوتابخانەکانی میسردا پرسێکی نوێ نییە و پێشتریش چەند ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن وەزارەتەوە دەرچووە، بۆ رێگریکردن لە فێڵکردن لە تاقیکردنەوەکاندا بە شێوەیەکی سەرەکی و، بۆ دوورکەوتنەوە لە جیاکاری لەنێو قوتابییەکاندا.
لەلای خۆیەوە، نووسەر فەریدە ئەلشوباشی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی میسر رایگەیاند، بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ قەدەغەکردنی نیقاب دەبوو زووتر بدرێت، چونکە بە گوتەی ئەو "نیقاب دەبێتە هۆی دابەشبوونی مەزهەبی لە شەقامەکانی میسردا".
ئەحمەد کەریمە، پڕۆفیسۆری فیقهی بەراوردکاری لە زانکۆی ئەزهەر ئاماژەی بەوەدا، پۆشینی نیقاب لە شەریعەتی ئیسلامیدا واجب نییە، هەروەها لەبەرکردنی وەک ئازادییەکی کەسی دروستە، بەڵام لە دامودەزگاکانی تر جگە لە دامودەزگاکانی دەوڵەت.