لە بارەگای سەرەکی کۆمکاری عەرەبی حەوت پزیشکی کورد خەڵات دەکرێن
ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان سەر بە کۆمکاریی عەرەبییە، لە بارەگای سەرەکی کۆمکارەکە رێوڕەسمێک بۆ خەڵاتکردنی 52 پزیشکی پسپۆڕ لە بوار و نەخۆشییە جیاوازەکان رێکدەخات، لەنێویاندا حەوت پزیشکیان کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانن و سبەی شەشیان لە قاهیرە ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبن بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانیان.
دکتۆر هێرش قادر دەربەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارە سبەی چوارشەممە لە باڵەخانەی سەرەکی کۆمکاریی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر ئاهەنگی رێزلێنان لە یەکەمەکانی خولی دەرچووانی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان بکرێت، لەو رێوڕەسمەدا 7 پزیشکی کورد، کە شەشیان لە رێوڕەسمەکە ئامادە دەبن و سێیان ئافرەتن، لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا لە پسپۆرییەکانی خۆیاندا پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە، خەڵات دەکرێن، هاوکات تەنیا پزیشکێکیان بەهۆی بارودۆخی تایبەت بە خۆیەوە ناتوانێت ئامادەی ێوڕەسمەکە ببێت.
پزیشکە کوردەکانی سبەی خەڵات دەکرێن:
دکتۆر هێرش قادر حەمەدەمین - پسپۆڕی هەناو
دکتۆرە زاریا شێروان مەحموود - پسپۆڕی ئافرەتان و منداڵبوون
دکتۆرە هێلین بوڕهان دەروێش - پسپۆڕی پێست
دکتۆرە هەورین عوسمان نووری - پسپۆڕی بێهۆشکردن
دکتۆر عومەر لوقمان سیامەند - پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان
دکتۆر عەلی ئیبراهیم حەسەن - پسپۆڕی نەشتەرگەری میزەڕۆ
دکتۆر بەیار عەبدوڵڵا ئەحمەد - پسپۆڕی وردی نەشتەرگەری میزەڕۆی منداڵان
دکتۆر هێرش قادر گوتیشی: میکانیزمی بەشداربوون بۆ بردنەوەی ئەم خەڵاتە، بەگوێرەی یەکەمبوونی پزیشکەکەیە لەو پسپۆرییەی هەیەتی لە ئاستی هەر 22 وڵاتە، بەدەستهێنانی پلەی یەکەمیش پەیوەستە بە هەڵسەنگاندنی تیۆری بۆردەکە، لە کۆتایی خوێندنی هەر بۆردێک هەڵسەنگاندنی کۆتایی هەیە، لە هەڵسەنگاندنە تیۆرییەکانی هەر پسپۆرییەک پزیشک بە پلەی یەکەم دەردەچێت، ئێمەش ئەم حەوت پزیشکە کورد، توانیومانە لە پسپۆرییەکانی خۆمان پلەی یەکەم بەدەستبهێنین.
هەروەها رایگەیاند، یەکەمجارە رێوڕەسمەکە دەگوازرێتەوە بارەگای سەرەکی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە، پێشتر و ساڵانە رێوڕەسمەکە لە ئوردن بەڕێوەچوو، بۆ ئەمساڵیش بڕیارە وەزیری تەندروستی هەر 22 وڵاتە عەرەبییەکە ئامادەی رێوڕەسمی خەڵات بەخشینەکە ببن.
ئاماژەشی دا، بۆ ئەمساڵ، 52 پزیشکی پسپۆڕ کە دەرچووی خولی 2025ـن، واتە ئەوانەی لە 2019-2020 دەستیان پێکردووە و پلەی یەکەمیان لە پسپۆڕییەکانیان بەدەستهێناوە خەڵات دەکرێن، منیش لە پسپۆڕیی هەناو لەنێو 400 پزیشکی بەشداربووی 22 وڵاتەکە، پلەی یەکەمم بەدەستهێناوە.
ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان، باڵاترین دامەزراوەی خوێندن و راهێنانی پزیشکییە لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا و لە ساڵی 1978 دامەزراوە و سەر بە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبییە.