دوای گەڕانەوەی تاڵیبان چین وەک یەکەم وڵات باڵیۆزخانەی خۆی لە ئەفغانستان کردەوە
K24 - هەولێر:
ژاو شێنگ، باڵیۆزی نوێی چین لە ئەفغانستان دەستبەکاربوو و لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی تاڵیبانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر حوکم لە 2021، چین یەکەم وڵاتە باڵیۆزخانەی خۆی لەو وڵاتە دەکاتەوە و ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان لەوبارەیەوە رایگەیاند، دەستبەکاربوونی باڵیۆزی نوێی چین هەڵگری پەیامێکی گرنگە و، ئاماژەیەکە بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت بە دەستبەکاربوونی باڵیۆزی نوێیان لە ئەفغانستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، ئەمە دەستاودەستکردنێکی ئاسایی پۆستی باڵیۆزی چینە لە ئەفغانستان، کە مەبەست لێی بەردەوامبوونە لە پێشخستنی گفتوگۆ و هاوکارییەکانی نێوان چین و ئەفغانستان.
لە 2021ـەوە تا ئێستا تاڵیبان بە فەرمی لەلایەن هیچ حکومەتێکی بیانییەوە دانی پێدا نەنراوە و حکومەتی چینیش لەسەر دەستبەرکاربوونی باڵیۆزی نوێی لە ئەفغانستان ئاماژەی بەوە نەداوە کە ئەمە هەنگاوێکی فراوانترە بەرەو دانپێدانانی فەرمی بە تاڵیبان.
دوای ئهوەی دانووستانەكانی ئاشتی له نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان هیچ ئهنجامێكی نهبوو، ململانێکانی نێوان لایەنەکان لە هاوینی 2021دا پهرهیان سهند و تاڵیبان دەستیکرد بە کۆنترۆڵکردنی یهك لهدوای یهکی شارەکانی ئەفغانستان.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمهدا هێزه بیانییەکان كه له چوارچێوهی ناتۆدا له ئهفغانستان بوون، کشانەوەی سهربازانیان خێراتر کردبوو.
بەو شێوەیەش كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لهلایهن ئهمهریكاوه لە 7ی تشرینی یەکەمی 2001دا دەستی پێکردبوو، کشانەوەی دوایین سەربازی ئەمهریکی لە 31ی ئابی 2021دا کۆتاییهات.