ژمارەی گیانلەدەستدان لە دوو کارەساتە سروشتییەکەی لیبیا و مەغریب 8000 کەسی تێپەڕاند

K24 - هەولێر:

دوو کارەساتی سروشتی لە دوو وڵاتی باکووری ئەفەریقا لە ماوەی چەند رۆژێکدا بوونەهۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس و وێرانبوونی چەندین ماڵ و باڵەخانە و رێگاوبان.

بەهۆی لافاوەوە لە شاری دێرنا لانیکەم 5,100 کەس و لە ناوچەکانی دیکەش نزیکەی 100 کەس لە لیبیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 7000 کەس بریندار بوون و تا ئێستاش 10 هەزار کەس بێسەروشوێنن.

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ رایگەیاند، 30 هەزار کەس لە دێرنا ئاوارە بوون، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە هەزار کەس لە شوێنەکانی دیکە.

بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی هەینی رابردوو کە بە پلەی 6.8 پلەی رێختەر، مەغریبی هەژاند، زیاتر لە 2,900 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 5,600 کەس بریندار بوون، جگەلەوەی سەدا 50ـی وڵاتەکە هێڵی ئینتەرنێتیان نەماوە.

شەش رۆژ دوای بومەلەرزە وێرانەکەرەی هەرێمەکانی ئەلحۆز و مەراکیش لە مەغریب، خانووه‌كانی دانیشتوانی ئەو ناوچانە زۆرینەیان بەکەڵکی ژیان نەماوە و لەژێر خێمەکان و بە دەستگیرۆیی رێکخراو ده‌زگا خێرخوازییەکان ژیان دەگوزەرێن. سەرباری ژیانی قورسی ناو خێمەکان کێشەی نەبوونی خۆراك و ئاوی خواردنەوەش رووی تێکردوون و دەبێت نۆرە بۆ وەرگرتنی چەند جلیکانەیەک ئاو بگرن.