کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و سوودانی دەستیپێکرد
K24 - هەولێر
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکرد.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوزیرانی عێراق دەستیپێکرد.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی کۆشکی سەلام لە بەغدا دەکەن و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبنەوە و دواتریش لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کە ئەندامن لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە.
پەیامنێرمان، راشیگەیاند، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، کە لەناو یاسای بودجەدا جێگیرکراوە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە و ئاستەنگی بۆ دروستکراوە.
راشیگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک فەرمانبەرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن. هەروەها دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کێشە و بابەتە سیاسییەکانی دیکە جیابکرێتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئەندامێتی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت گەیشتە بەغدا.
شاندەکە لەلایەن ئەحمەد مبەرقەع، نوێنەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا پێشوازی لێ کرا.