سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەم هەنگاوەی ئێستا بۆ بەغدا سەرکەوتنێکی گەورەیە
K24 – هەولێر
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، ئێمە هەرکاتێک بەیەکەوە بین و یەکگرتووبین شاکاری گەورەمان ئەنجامداوە، هەروەها ئەو کێشانەی پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکان و یاسای بودجەوە هەیە، ئەمانە هەمووی لە ئەنجامی ناکۆکییەکانی خۆمانەوە دێت.
سەعدی پیرە، بەکوردستان24ـی گوت: "ئێمە هەرکاتێک بەیەکەوە بین و یەکگرتووبین شاکاری گەورەمان ئەنجامداوە، هەرکاتێکیش ناکۆک بووبین زەرەی زۆر گەورەمان لەخۆمان و لە میللەتەکەمان داوە".
گوتیشی: ئێمە دەمێکە بەیەکەوە کار ئەکەین، هەریەکە و بەقەدەر خۆمان کەموکوڕیمان هەیە، بەڵام ئەگەر ئێمە ئامادە نەبین، لە کەموکوڕی خۆمان نەبوورین، کە لە هەرێمێکین بووەتە ئامانجی نەیارەکانمان، چۆن دەتوانین داخوازییەکانی گەلەکەمان بەدی بهێنین.
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوشتانەی ئەمڕۆ کە لە بەغدا روودەدەن و پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانمان و یاسای بودجەوە هەیە، ئەمانە هەمووی لە ئەنجامی ناکۆکییەکانی خۆمانەوە دێت".
سەعدی پیرە، دەشڵێت: "ئەم هەنگاوەی ئێستا بەیەکەوە بۆ بەغدا، سەرکەوتنێکی گەورەیە، خەڵک خۆشحاڵە پێی، کێشەکان چارەسەر دەبن، بەڵام نابێت وا پیشبینی بکرێت هەمووی بەیەک کۆبوونەوە چارەسەر دەبێت، بەڵام سەرەتاییەکی باشە".
راشیگەیاند: "من پێم وایە، با بەیەکەوە سەردانێکی تورکیا و ئێرانیش بکەن، بۆ گێرانەوەی متمانەی دۆستەکانمان، چونکە هەم دۆستەکانمان و هەم خۆمان و هەم دراوسێکانمان کەمێک بێ ئومێد بوونە لە ئێمە".
ئەمڕۆ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، چوونەتە بەغدا بۆ گفتۆگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان.