راگەیەندراوی نووسینگەی سوودانی لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەی سوودانی لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاشكرایكردووه‌، له‌ دیداری نێوان محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌ دۆزینەوەی چاره‌سه‌ریی گونجاو بۆ كێشه‌ یاسایی و داراییه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستوور و یاسا.

ئاماژە بەوەشدراوە، له ‌دیداره‌كه‌دا سەرۆکوه‌زیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، رێبازی حکومەتەکەی لەسەر بنەمای سەقامگیری هەمیشەیی و دوور لە ناکۆکییە.

سوودانی گوتیشی: حکومەتی عێراق جددیە لە دۆزینەوەی رێگەچارەی ریشەیی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

راشیگه‌یاندووه‌، حکومەت کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی كێشه‌ یاسایی و كارگێڕییه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان‌ نه‌بێت.