سۆران عومەر: هەموومان بەیەکەوە پارێزگاری لە شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین

سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی عێراق
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، "سەرەڕای ناکۆکییەکانمان لە هەرێمی کوردستان، هەموومان بەیەکەوە پارێزگاری لە پشکی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین". دەشڵێت، "سەردانەکەی شاندی حکومەت بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڕەوێنێتەوە". 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا؛ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵیییەوە و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ کوردستان24 دوا.

سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا

سۆران عومەر لەبارەی سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، گوتی: "ئومێد دەکەم ئەو بەربەست و ئاستەنگە سیاسی و بەناو یاساییانەی بۆمان دروستکراون، تێبپەڕێندرێن. لە عێراق راستە یاسای بودجە هەیە، بەڵام پێویستی بەوەیە ئەو بەربەستە سیاسی یان دەستوەردانە هەرێمییانەی هەیە، بڕەوێنرێنەوە و تێیبپەڕێنرێن؛ چونکە لە پشت حکومەت و بەرپرسانەوە، کۆمەڵێک سیاسی هەن، تا ئەوان ئیعاز نەدەن، هەندێک شت تێناپەڕێت، هەرچەندە یاساییش بێت".   

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی ئاماژەی بەوەش کرد، "فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی شەشیان وەرگرتووە، کەچی چەند رۆژێکی دیکە مووچەخۆرانی عێراق مووچەی مانگی نۆ وەردەگرن، سەرەڕای ناکۆکییەکانمان لە هەرێمی کوردستان، پێویستە هەموومان کار بۆ ئەوە بکەین نابێت ئەو جیاکارییە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت".

وەکو ئەوەی سۆران عومەر باسی کرد، ئەمڕۆ بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتووە، "هەموومان بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە پارێزگاری لە قوت و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە ئەوان جیاکارییان نەکردووە کە بۆمان نانێرن؛ ناڵێن، بۆ ئۆپۆزیسیۆن دەنێرین، بۆ خەڵکێکی دیکە نانێرین. هەموومان یەکدەنگین کە نابێت پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیاسی بکرێت و بچێتە سزای سیاسییەوە خەڵک باجەکەی بدات".

بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی، "محەممەد شیاع سوودانی خۆی حەزدەکات کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەرببێت، بەڵام ئایا ئەوانەی لە پشتی ئەون، هەمان بۆچوونیان هەیە؟ پێشبینی دەکەم، ئەم شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی کێشەکان بڕەوێنێتەوە، چونکە چارەسەری دیکەمان نییە و بارودۆخەکە زیاتر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بە قورسی بەسەر هەردوولادا دەکەوێت".

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

لەبارەی بانگهێشتکردنی سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتی: "ئێمە وەڵامی یەک دوو شتمان دەویست؛ یەکەم، کرێی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت بە 8960 دینار لە عێراق دانراوە، پێویستە هەرێمی کوردستانیش هەر هێندەی پێ بدرێت؛ لە کاتێکدا جیاوازی هەیە لە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە نێوان ناوچەیەکی شاخاوی و بیابانێکدا، پرسیارمان کرد چارەسەر چییە بۆ ئەم بابەتە؟ ".

سۆران عومەر گوتیشی، "بەرپرسانی کۆمپانیای سۆما باسیان لەوە کرد تا 20ـی ئۆکتۆبەری داهاتوو پلانێکیان هەیە؛ بەپێی پلانەکە هەر 400 هەزارەکەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە دەبێت رۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆ بدرێت، ئەوان لەناوخۆیدا بەکاریدەهێنن، چونکە  تا ئێستا تورکیا رێگرە نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەبکرێتەوە".

وەکو ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی باسی کرد، بەرپرسانی کۆمپانیای سۆمۆ ئامادەیی خۆیان بۆ وەرگرتن و بەکارهێنانی هەر 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە بەربەستەکان ناهێڵن و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی هونەرییان پێکهێناوە.