خەلیل ئیبراهیم: پێمان باشە هەمووان پێکەوە بەرگری لە مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان بکەن

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەبارەت بە سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گوتی: پێمان باشە هەموو پێکەوە بەرگری لە مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان بکەن.

خەلیل ئیبراهیم، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کێشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەو ئاستەدایە کە دەبێت بەردەوام بەرپرسیارێتییەکان لە ئاستی شاندی باڵادا بێت و هێزە سیاسییەکان یەکگرتوو بن و بە یەک ئەجێندا بچنە بەغدا.

گوتیشی: چوونی ئەم شاندە کارێکی باشە و دەبێت بۆچوونی نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا وەربگرن.

گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند: پێمان باشە هەموو پێکەوە وەک یەک تیم بەرگری لە مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانووستانەکاندا نابێت بیانوو بدات بەدەستەوە.