کونسوڵی ئەمەریکا: ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەبنەوە

K24 - هەولێر
كونسوڵى گشتيى ئهمهريكا لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا رووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی گەورەی کەشوهەوا دەبنەوە. دەشڵێت، "بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر دەتوانین کۆمەڵگە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بپارێزین".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندێکی تایبەت بە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە شاری هەولێر؛ مارك سترۆ، كونسوڵى گشتيى ئهمهريكا لە هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئەلیکترۆنی و کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای کرد.
كونسوڵى گشتيى ئهمهريكا ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان دەمانەوێت سیستەمێکی بەهێز و پشتبەستراوی بەرگریکردن لە هێرشی ئەلیکترۆنی بونیادبنێین. لە ژمارەیەک زانکۆی هەرێمی کوردستان بەشی زانیاری پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا هەیە، بۆ ئەوەی قوتابیان لە داهاتوودا بتوانن بەرگریی لە سیستەمی تەکنەلۆژیا بکەن، لە جێگەی ئەوەی پشت بە کۆمەڵێک بەرنامەی دیکە ببەستن".
وەکو ئەوەی مارك سترۆ باسی کرد، "ئەمەریکا پابەندە بە پەرەپێدانی سیستەمی بەرگریی زانیاریی ئەلیکترۆنی و رووبەڕووبوونەوەی هەر کردەیەکی نابەرپرسانە لە جیهاندا. کۆمەڵێک دەزگای هێرشبەر هەن دەوڵەتیان لە پشتەوە هەیە و هەوڵی لاوازکردنی ژێرخانەکان و خزمەتگوزارییەکان دەدەن بۆ خەڵکی، ئەمە مەترسی و کاریگەری هەیە لەسەر ناوچە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش و زیان بە خەڵکی دەگەیەنێت."
ئەوەی پەیوەستە بە گۆڕانییەکانی کەشوهەواوە، كونسوڵى گشتيى ئهمهريكا لە هەرێمی کوردستان گوتی: "پێموایە کە ئەم کۆڕبەندە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی گرنگیی زیاتر بە پرسی گۆڕانکارییەکانی كەشواهەوا بدەین و کۆمەڵێک دەستپێشخەریی بخەینەڕوو. هیوادارین ئەم کۆڕبەندە کۆمەڵێک چارەسەریی ریشەیی بۆ ئەو کێشانە بدۆزنەوە و پێشکەش بکەن، چونکە زۆر گرنگە بۆ ئێمە."
بە گوتەی مارك سترۆ، "ئەمەریکا خۆی وەکو سەرکردەی جیهان دەبینێت لە رووی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و، هەنگاوی باشی ناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گۆڕانکارییانە، چونکە کەشوهەوا بەردەوام لە گۆڕاندایە. پێویستە ئێمە هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە پیسەکانی (وەکو دوانەئۆکسیدی کاربۆن) و ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کۆمەڵێک هەنگاوی مێژوویی بۆ ئەو پرسە ناوە".
كونسوڵى گشتيى ئهمهريكا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا رووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی گەورەی کەشوهەوا دەبنەوە؛ لەوانەش، وشکەساڵی، کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکان، گەرمبوونی زەوی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما. بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر دەتوانین کۆمەڵگە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بپارێزین".
مارك سترۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە لە رێگەی بەرنامەکانی هاوکاریی مرۆییەوە یارمەتی عێراقمان داوە بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی فرەچەشن بکات؛ ئێمە هانی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەین بەردەوامبن لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو".