بەرپرسێکی باڵای نەوت بە تۆمەتی گەندەڵی سزادرا
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی سزای هەشت ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکان دەرکرد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسیەیەکی گەندەڵی و ناچارکردنی بە گەڕاندنەوەی 55 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵی، سزای هەشت ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکان دەرکردووە. دادگا ناچاری کردووە بڕی 55 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە، کە ئەو بڕە پارەیەیە بە نایاسایی دەستی کەوتووە.
دادگاکە روونیکردەوە، تاوانبارەکە دەستوەردانی لە 40 گرێبەست و 29 داواکاریی کڕین بە بەهای 181 ملیار دینار بۆ چەند کۆمپانیایەک کردووە کە پەیوەندییان پێوەی هەبووە. بەڕێوەبەرەکە بەهۆی پۆستەکەیەوە دەستی بە دارایی کۆمپانیاکانی پاڵاوتن گەیشتووە و لەو رێگەیەوە 30 ملیار دیناری بۆ خۆی و 35 ملیار دیناری دیکەی بۆ کەسانی تر بەدەستهێناوە.
دەستەی دەستپاکی جەختیکردەوە، دادگا دوای وردبینیکردن لە بەڵگەکان و سەلماندنی تۆمەتەکان بەسەر بەڕێوەبەرەکەدا، بڕیاری زیندانیکردنەکەی دەرکردووە و ناچاری کردووە پارەکە بگەڕێنێتەوە، ئەمەش بەپێی مادەی 319ـی یاسای سزادانی عێراق.