ئاگرین عەبدوڵڵا: 45%ـی جووتسایدی دووکان - چوارقوڕنە تەواو بووە

کارکردن لە جووتسایدی دووکان - چوارقوڕنە (وێنە: وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن) (04-10-2026)
کارکردن لە جووتسایدی دووکان - چوارقوڕنە (وێنە: وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن) (04-10-2026)

کارکردن لە پرۆژەی جووتسایدی دووکان بۆ چوارقوڕنە بەردەوامە. بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش ئاشکرای دەکات، کارەکانی پرۆژەکە بە کوالێتییەکی بەرز دەکرێن و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2028 بەتەواوی کۆتاییان پێ بێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کارکردن لە پرۆژەی جووتسایدی دووکان بۆ چوارقوڕنە بەردەوامە و ئێستا قۆناخی دووەم و سێیەمی کاری تێدا دەکرێت. 

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە دا، پرۆژەکە زیاتر ناوچەکانی دووکان، خەلەکان و هیزۆپ دەگرێتەوە و تاوەکو ئێستا رێژەی جێبەجێکردنی گەیشتووەتە 45%.

لەبارەی کاتی تەواوبوونی پرۆژەکە، ئاگرین عەبدوڵڵا روونیکردەوە، بەگوێرەی گرێبەستەکە پێویستە لە ناوەڕاستی ساڵی 2028 تەواو بێت و رەنگە زووتر یان درەنگتر لەو وادە دیاریکراوە کۆتایی پێ بێت، بەڵام کارکردن لە پرۆژەکە بە کوالێتییەکی بەرز بەردەوامە.

لە ماوەی رابردوودا 11 کیلۆمەتر رێگە لە نێوان ناوچەی بێستانە بۆ خەلەکان قیڕتاو کراوە و بە فەرمی بەڕووی شۆفێراندا کراوەتەوە. لە ئێستاشدا تیمەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار بە چڕی کار لەسەر 14 کیلۆمەتری دیکە دەکەن لە نێوان کانی وەتمان بۆ شارەدێی خەلەکان. سایدی لای راست لە قۆناخی کۆتاییدایە و هاوتەریب کار لەسەر سایدی بەرانبەریش دەکرێت.

هەروەها کارکردن لەسەر پردی گوندی فڕیزەڵە دەستی پێکردووە، درێژیی ئەم پردە گەورەیە 380 مەترە و پانییەکەی 15 مەتر دەبێت.

پرۆژەی رێگەی جووتسایدی دووکان - چوارقوڕنە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین. ئەم رێگەیە بە دەمارێکی گرنگی ئابووری و بازرگانی دادەنرێت بۆ بەیەکەوەبەستنی پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەی راپەڕین و ناوچەکانی دیکەی وەک سۆران و هەولێرەوە.