کیم جۆنگ ئون بە کۆمەڵێک دیارییەوە رووسیای بەجێهێشت

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسەکانی رووسیا ئەمڕۆ یەکشەممە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بە شەمەندەفەرە زرێپۆشەکەی لە رۆژهەڵاتی رووسیاوە بەرەو سنوورەکانی وڵاتەکەی بەڕێکەوت.

پێش رۆیشتنی، کیم دیارییەکانی پێگەیشت کە بریتی بوون لە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی، یەکێکی دیکە بۆ سیخوڕی و جلێکی گوللـە نەبڕ، کە دیارییەک بوو لەلایەن پارێزگاری ناوچەی پریمۆرسکی رووسیا پێی درابوو.

ئاژانسی ریا نۆڤۆستی بڵاویکردەوە، "ئاهەنگی ماڵئاوایی لە سەرۆکی کۆریا لە وێستگەی ئارتیۆم-پریمۆرسکی-1 بەڕێوەچوو، کە شەمەندەفەرە زرێپۆشەکەی کیم جۆنگ ئون لەوێ بوو، کە مەودای نزیکەی 250 کیلۆمەترە.

ئاژانسەکە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، کە کیم لە نزیک شەمەندەفەرەکە دەرکەوتووە و ماڵئاوایی لە شاندی فەرمی رووسیا دەکات، کە ئەلێکساندەر کۆزلۆڤ وەزیری ژینگە و سامانە سروشتییەکان سەرۆکایەتی شاندەکەی دەکرد.

راشیگەیاند، "سەرۆکی کۆریای باکوور پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی جیران-25ی بە بەرزبوونەوەی ڕاستەوە وەرگرتووە".

لە میانەی دیدارەکەیاندا کیم و پوتن نیازی خۆیان بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگ یانگ بە لایەنی سەربازیشەوە پشتڕاستکردەوە، سەرەڕای ئەو سزا نێودەوڵەتیانەی کە بە هۆی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانییەوە بەسەر کۆریای باکووردا سەپێنراوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی کە رووسیا بە دوای دەستکەوتنی تەقەمەنیدایە بۆ پاڵپشتی هێزەکانی لە شەڕی ئۆکرانیادا، لە کاتێکدا کۆریای باکوور ئاواتەخوازە سوود لە شارەزایی مۆسکۆ لە بواری بۆشایی ئاسمان وەربگرێت.

کرێملین جەختی لەوە کردەوە، کە لە سەردانەکەی کیمدا، هیچ رێککەوتنێکی هاوکاری واژۆ نەکراوە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، بە شەمەندەفەرەکەی سەردانی رووسیای کردوو لەگەڵ سەرکی ئەو وڵاتە ڤلادیمێر پوتن و بەرۆرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.​