رێکاری ئەمنی توند بۆ پاراستنی شاندە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان گیراوەتەبەر

K24 - هەولێر

بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاند، هیچ هەڕەشەیەکی باوەڕپێکراو نییە کە کاریگەری لەسەر کۆبوونەوەکانی 78مین دانیشتنی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، پۆلیسی نیویۆرک و ئێف بی ئای و پۆلیسی نهێنی، رێوشوێنی توندیان گرتووەتە بەر، بۆ پاراستنی نزیکەی 140 پاشا و شازادە و سەرۆکی وڵاتان و حکومەت و هەروەها سەدان وەزیر و بەرپرسی باڵا کە نوێنەرایەتی 193 وڵاتی ئەندامی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە دەکەن.

پۆلیس بەربەستی لە هەموو شەقامەکانی دەوروبەری بارەگای سەرەکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە داناوە لە مانهاتن، هەروەها چەکدار و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش لە ناوچەکە جێگیرکراون، خاڵی پشکنین دانراوە و دەیان ئۆتۆمبێلی پۆلیسیش بەناو ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

ئێدوارد کابان، بەڕێوەبەری پۆلیسی نیویۆرک، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانهاتن رایگەیاند، "بە گشتی، هیچ هەڕەشەیەکی باوەڕپێکراو لەسەر کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە"، بەڵام بەڵگەنامەیەکی نهێنی بەشی پۆلیسی نیویۆرک، کە لەم مانگەدا ئاشکرا کراوە، ئاماژەی بە ترسی دەزگاکان کردووە لە پەرەسەندنی توندوتیژییە سیاسییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا، بەتایبەتی دوای چەندین هێرشی ئەم دواییانە بە بەکارهێنانی چەک و بۆمبی چێندراو.

گوتیشی: لە بەڵگەنامەکەدا باس لە هێرشی ئەم دواییە کراوە بۆ سەر نووسینگەیەکی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە ڤێرجینیا، هەروەها هێرشی توندوتیژی بۆ سەر پۆڵ پیلۆسی هاوسەری نانسی پیلۆسی نوێنەری دیموکراتەکان.

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا بە داننان بەوەی کە نیگەرانی لە پەرەسەندنی توندوتیژییە سیاسییەکان هەیە، رەتیانکردەوە هیچ شاندێک وەک ئامانجێکی ئەگەری هەر هێرشێک دەستنیشان کارابن، رێوشوێنە ئەمنییەکان بریتین لە پاراستنی سەرکردەکانی وەک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا  و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جگە لە سەرکردە و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتانەی کە بەدەست شەڕ و نائارامییەوە دەناڵێنن.

جێگری فەرماندەی بەشی هەواڵگری پۆلیسی نیویۆرک، جۆن هارت گوتی، "ئەگەر وڵاتێک هەبێت بەدەست ململانێیەکی ناوخۆییەوە بناڵێنێت، ئەوا ئەو هێزە ئەمنییانە دەردەکەون، ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە چاودێرییەکی تەواو و  360 پلەییدا دەکەین، کە چی دەکرێت و بۆ کوێ دەچن.