ژمارەیەک سەربازی رووسیا لە قەرەباغ کوژران

هێزەکانی ئاشتی پارێزی رووسیا لە قەرەباغ
هێزەکانی ئاشتی پارێزی رووسیا لە قەرەباغ

K24 - هەولێر

رووسیا رایگەیاند، ژمارەیەک سەربازی وڵاتەکەیان کە لە هێزەکانی ئاشتی پارێزی کاردەکەن لە ناوچەی جانیاتاگ لە قەرەباغ کوژران.

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، ژمارەیەک سەربازی رووسیا کە لە هێزەکانی ئاشتی پارێزی قەرەباغ کاردەکەن، لەکاتی گەڕانەوەیان لە خاڵێکی چاودێری سەر بە هێزەکانی ئاشتی پارێزی رووسیا لە گوندی جانیاتاگ بە فیشەک کوژراون.

وەزارەتی بەرگری رووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەوانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کوژراون، هەروەها بەرپرسانی لێکۆڵینەوەی رووسیا و ئازەربایجان دەستبەجێ دەستیان کردووە بە روونکردنەوە لەسەر بارودۆخی رووداوەکە.

دوێنێ بەرگری رووسیا ئاشکرای کردبوو، هێزەکانی ئاشتی پارێزی رووسیا لە ناوچەی قەرەباغ چەندین راستی پەیوەست بە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لەلایەن ئازەربایجانەوە تۆمار کردووە.

رۆژی سێشەممە، وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "دژە تیرۆر"ی لە قەرەباغ راگەیاند و هەر لەو رۆژەدا چوار پۆلیس کوژران.

لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان رایگەیاند، تاکە رێگە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکەدا، کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئەرمینیایە لە قەرەباغ و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتدارانی ستێپاناکێرت.

Fly Erbil Advertisment