کۆمیسیۆنی عێراق: زیاتر لە 310 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە
K24 - هەولێر
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، تا دوێنێ چوارشەممە، 310 هەزار و 110 دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "تا دوێنێ چوارشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2023، 310 هەزار و 110 دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە. هەروەها 41 هەزار و 300 هاووڵاتیش کە لەدایکبووی ساڵی 2005ـن بۆ جاری یەکەم ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن".
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لە سنووری پارێزگای هەولێر 128 هەزار و 622 دەنگدەر، لە پارێزگای سلێمانی 124 هەزار و 708 دەنگدەر و لە سنووری پارێزگای دهۆکیش 56 هرزار و 830 دەنگدەر تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە.
هاوکات عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت، "لە پارێزگای هەولێر 1 ملیۆن و 312 هەزار و 601 کەس؛ لە پارێزگای سلێمانی، 1 ملیۆن و 441 هەزار و 855 کەس و لە پارێزگای دهۆکیش 887 هەزار و 110 کەس کە کۆی گشتیی دەکاتە 3 ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەس، مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن".
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، داود سەلمان، بەڕێوەبەری رێکارەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بۆ پڕۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پشت بە هەردوو میکانیزمی ئەلیکترۆنی و دەستی دەبەستین، واتا هەمان ئەو میکانیزمانە پەیڕەودەکەین کە بۆ هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق (هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021) پەیرەومان کرد".
رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.
دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە "نایاسایی" ناساند.