حەسەن مەجید: لە هەندێک قوتابخانەی حەویجە ژمارەی مامۆستا لە قوتابییان زیاترە
K24 – هەولێر:
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرایکرد، رێژەیەکی زۆر لە عەرەبی ناوچەکانی دەرەوەی کەرکووک، کارتی نیشتەجێبوونیان بۆ کراوە و بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن.
رۆژی پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمە یەکەمینجار نییە، جیاوازی دەکرێت لە دامەزراندنی هاووڵاتییانی کەرکووک و ستەم لە رۆڵەکانی کورد و تورکمان دەکرێت.
حەسەن مەجید، ئاماژەی بەوەشکرد، لەو دوو هەزار و 500 پۆلیسەی بڕیارە بە گرێبەست لە پارێزگای کەرکووک دابمەزرێن، زۆرینەی دراوە بە پێکهاتەی عەرەب و بەپێی زانیارییەکانیشیان، عەرەبی نەینەوا و سەڵاحەددین و ناوچەکانی دیکە هێندراون و کە هەڵگری ناسنامەی باری شارستانی کەرکووک نین و تەنیا بە دروستکردنی کارتی نیشتەجێبوون، لەسەر پشکی کەرکووک دادەمەزرێن و هەوڵێکی دیکەیە بۆ بەعەرەبکردنەوەی شارەکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەسەن مەجید روونیکردەوە، نەک تەنیا لە دامەزراندنی ئەو پۆلیسانەی ئێستا هەیە، پێشتر لە دامەزراندنی فەرمانبەران و مامۆستایانیش، جیاوازی کراوە لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک و ستەم لە رۆڵەکانی کورد لە کەرکووک کراوە، بەشێوەیەک لە ناوچە عەرەبنشینەکان، زۆرترین دامەزراندن هەبووە و نموونەوەی بەوەش هێنایەوە، مامۆستایەکی عەرەبی حەویجە پێی راگەیاندووە، لە هەندێک قوتابخانەکانی ناوچەکە، ژمارەی مامۆستایان لە قوتابییان زیاترە و بە بەڕێوەبەرەکان گوتراوە، دەستبەکاربوون بۆ هەموو مامۆستا تازەدامەزراوەکانیش بکەن و رەتنەکرێنەوە.
هەروەها سەرۆکی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن و ناڕەزایەتییان گەیاندووەتە حکومەتی عێراق و باسی لە نامەیەکی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد بۆ وەزارەتی ناوخۆ و رایگەیاند، ئەو پرۆسەیە رابگیرێت و لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە سەردانی کەرکووک بکات.
لە کەرکووک دوو هەزار و 550 کەس بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن و کورد و تورکمانیش نیگەرانن لەوەی دادپەروەری لە دامەزراندنی هاووڵاتییانی کەرکووک پەیڕەو نەکراوە.
پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، لە کۆی دوو هەزار و 550 فۆرم بۆ دامەزراندن تەنها 350 دامەزراندن بۆ کورد و 300 بۆ تورکمان دانراوە ئەمەش ناڕەزایی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لە کەرکووکی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، کورد و تورکمان نامەیەکیان بۆ وەزیری ناوخۆی عێراق ناردووە و داوای راگرتنی دامەزراندن دەکەن، بەڵام حکومەتی عێراق گوێ بە داواکەیان نادات و بەردەوامە لە دامەزراندنی هاووڵاتییانی عەرەب لە کەرکووک.
هاوکات پارتی و یەکێتیش لە پارێزگای کەرکووک نیگەرانی خۆیان لە شێوازی دامەزراندنی دەربڕیوە و ئەم بڕیارە بە جیاکاری لەنێوان پێکهاتەکان دادەنێن کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەپێنی کەرکووکەوە پەیڕەو دەکرێت.