چاودێرێکی سیاسی: ئەوەی لە فڕۆکەخانەی عەربەت روویدا شتێکی چاوەڕوانکراو بوو

K24 - هەولێر:

چاودێرێکی سیاسی پێی وایە، ئەوەی لە فڕۆکەخانەی عەربەت روویدا شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، ئەمەش بەهۆی هەندێ رووداوی دوو مانگی رابردوو کە لەنێوان عێراق و ئێراندا روویاندا.

شێروان شەمێرانی، چاودێری سیاسی سەبارەت بە جموجۆڵەکانی پەکەکە و هەڕەشەکانی تورکیا بۆسەر سلێمانی، لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 10:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، جگە لە سلێمانی، تورکیا تا ئێستا راستەوخۆ هەڕەشەی لە هیچ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان نەکردووە.

ئەو چاودێرە سیاسیە روونیشیکردەوە، تورکیا دەیەوێت بڵێت، ئەوەی لە سلێمانی روودەدات پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و کاری ئیدارەیەکی سەربەخۆیە لە سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی بوونی پەکەکە لە ناوچەکە و هێرشەکانی تورکیاوە، سەدان گوندی هەرێمی کوردستان زیانیان پێگەیشتووە.

شێروان شەمێرانی گوتیشی: حکومەتی عێراق بێدەنگە لە هەڕەشەکانی تورکیا.

سەبارەت بە هێرشی درۆنی بۆسەر فڕۆکەخانەی عەربەت لەلایەن تورکیاوە، ئەو چاودێرە سیاسیە باسی لەوەکرد، ئەوەی کە تورکیای بێزار کرد بۆیی بەوشێوەیە مامەڵە بکات، رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراقە دژ بە حزبەکانی رۆژهەڵات. گوتیشی" تورکیا دەیەوێت بەرپرسانی سلێمانی ناچار بکات هاوشێوەی ئێران مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، کە چۆن پابەندی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران بوون دژ بە حزبە رۆژهەڵاتییەکان.

شێروان شەمێرانی راشیگەیاند، تورکیا داوای لە بەرپرسانی عێراقی کردووە، پەکەکە لە پەرلەمانی عێراق وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێندرێت.

رۆژی دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023)، لە ئەنجامی هێرشێکی دۆرنی بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی، کوژراو  و برینداری لێکەوتەوە و بەپێی ئاماری راگەیەندراوی دەزگاکانی سلێمانی سێ کارمەندی دژەتیرۆری یەکێتی گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی رووداوی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "دژەتیرۆری یەکێتی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە و یەپەگە لە فڕۆکەخانەکە مەشق و راهێنانیان کردووە".