رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

K24 - هەولێر
شاندێکی کۆمپانیای سۆمۆ، وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیایان کردووە و لەگەڵ لایەنی تورکی لە نزیکەوە بۆریی نەوتیان بەسەرکردووەتەوە، لە هەنگاوی یەکەمیشدا نەوت وەک تاقیکاری بە رێگای بۆری هەناردەی تورکیا دەکرێتەوە.
لەوبارەوە سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا نرخی نەوت لە جیهان رووی لە بەرزبوونەوەیە، ئەمەریکاش نایەوێت نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، هەروەها ئەمەریکا دەیەوێت بەرهەمی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، خاڵێکی دیکە ئەوەیە لە سەردانی ئەم دواییەیدا بۆ ئەمەریکا پەیامێکی روون و راشکاو بە محەممەد شیاع سوودانی درا دەبێ چارەسەرێک بۆ کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بدۆزنەوە".
پێشتر ئاڵپ ئەرسەلان بایرەکدار، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاندبوو: لە رووی تەکنیکییەوە بۆرییەکان ئامادەن و خەریکی ئامادەکارین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بە بڕوای شارەزایانی ئابووری: لە هەناردەکردنەوەی نەوت سوودمەندی سەرەکی عێراق و تورکیان، چونکە لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و یاسای بوودجەدا هاتووە، پێویسته ههرێمی كوردستان رۆژانه 400 ههزار بهرمیل نهوت رادهستی سۆمۆ بكات، له بهرامبهردا شایسته داراییهكانی ههرێمی كوردستان لهلایهن بهغداوه دابین بكرێن.
محەممەد زراری، شارەزای ئابووری دەڵێت: "زەرەرمەندی یەکەم لە راگیرانی هەناردەی نەوتی کوردستان حکومەتی عێراقە، مانگە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار زیان بەر بودجەی گشتی عێراق دەکەوێت، زەرەرمەندی دووەم توکیایە دوای ئەو هەرێمی کوردستانە، کە سەدا 80 ئەو کەسانەی لە کەرتی نەوت کاریان دەکرد بێ ئیش بوونە، بەڵام لە یەکەم هەنگاوی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئەوانیش دەچنەوە سەر کارەکەیان".