سیروان رۆژبه‌یانی: ئه‌و هۆڵه‌ی حه‌مدانییه‌ كه‌ ئاگره‌كه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ مۆڵه‌تی نییه‌

سیروان رۆژبه‌یانی، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا
سیروان رۆژبه‌یانی، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا

K24 - هەولێر:

له‌ ئاهه‌نگێكی خێزانیدا له‌ هۆڵێكی بۆنه‌كان له‌ حه‌مدانییه‌ به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هۆڵه‌كه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی زۆریش بریندار و بێسه‌روشوێن بوونه‌، هاوكات جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و هۆڵه‌ی حه‌مدانییه‌ كه‌ ئاگره‌كه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ مۆڵه‌تی نییه‌.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 27ـی ئه‌یلوولی 2023) سیروان رۆژبه‌یانی، جێگری پارێزرگاری نه‌ینه‌وا به‌شداری به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كرد كه‌ له‌ كوردستان24 له‌لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌ده‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت و رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ دروستبوونی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ئه‌وان وه‌كوو ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی نه‌ینه‌وا ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانیان ئاگادار كرده‌وه‌ و له‌ كاتی پێویستدا گه‌یشتنه‌ شوێنی رووداوه‌كه‌. گوتیشی، لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ستپێكردووه‌ و لیژنه‌یه‌كیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێكهێناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دوایین زانیارییه‌كان له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی رووداوه‌كه‌ بزانن.

جێگری پارێزرگاری نه‌ینه‌وا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ چركه‌ساتی یه‌كه‌می رووداوه‌كه‌ هاته‌ سه‌ر خه‌ت و هه‌ردوو پارێزگاری هه‌ولێر و دهۆكی بۆ هاوكاریكردنی پارێزگای نه‌ینه‌وا راسپارد بۆ ئه‌وه‌ی به‌خێرایی فریای رووداوه‌كه‌ بكه‌ون و هاوكارییه‌كانیان بگه‌یه‌نن.

هه‌روه‌ها سیروان رۆژبه‌یانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتی، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ به‌هۆی یاری ئاگرینه‌وه‌ بووه‌ و سه‌قفی هۆڵه‌كه‌ش به‌ مادده‌یه‌ك رووپۆشكراوه‌، كه‌ به‌خێرایی ئاگر ده‌گرێت، روونیشیكرده‌وه‌ له‌ سبه‌یه‌وه‌ لیژنه‌یه‌ك سه‌رجه‌م هۆڵه‌كانی سنووری نه‌ینه‌وا ده‌پشكنێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئێستاوه‌ رێگری له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ رووداوه‌ كاره‌ستابارانه‌ بگرن.

جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌و هۆڵه‌ی رووداوه‌كه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ مۆڵه‌تی نه‌بووه‌، بۆیه‌ رێككاره‌كان به‌رامبه‌ری توند ده‌بن. گوتیشی، هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ی هۆڵه‌كه‌ مۆڵه‌تی نه‌بووه‌، خاوه‌نه‌كه‌ی رایكردووه‌ و دواتر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستگیر كراوه‌.

سیروان رۆژبه‌یانی روونیشیكرده‌وه‌، له‌ سنووره‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا بێیاساییه‌كی زۆر هه‌یه‌، به‌هۆی ئه‌و بێیاساییه‌شه‌وه‌ چه‌ندین شوێنی گشتی و تایبه‌تی بوونیان هه‌یه‌ و كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ده‌رن له‌ رێنماییه‌كان، ئه‌و هۆڵه‌ی ئاگركه‌شی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و شوێنه‌ گشتییانه‌ و به‌هۆی ئه‌و سه‌رپێچی و بێیاساییه‌ی تێیدا هه‌بووه‌، ئه‌و رووداوه‌ گه‌وره‌ و كاره‌ساتباره‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

شه‌وی 26ـی ئه‌یلوولی 2023، له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر كه‌وته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه ‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانە بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.