سیۆنان حه‌نا: ته‌رمی به‌شێك له قوربانییه‌كان به‌هۆی زۆری سووتانهكانیانهوه ناناسرێنه‌وه

K24 – هەولێر:
سه‌رۆكی قه‌شه‌كانی سریانی كاثۆلیكی مووسڵ رایده‌گه‌یه‌نێت، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه كاره‌ساتێكی گه‌وره بوو به‌سه‌ر ناوچه‌كانیاندا هاتووه، ده‌شڵێت به‌هۆی نهنانسینهوهی ته‌رمی قوربانییه‌كان ناتوانن هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه به خاك بسپێرن.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 28ـی ئه‌یلوولی 2023) مار بیندیكتۆ سیۆنان حه‌نا، سه‌رۆكی قه‌شه‌كانی سریانی كاثۆلیكی مووسڵ تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌و رووداوه‌ی روویداوه راستییه‌كه‌ی كاره‌ساتێكی گه‌وره بوو بۆ ناوچه‌كه. گوتیشی، تا ئێستا ژماره‌ی قوربانییه‌كان جێگیر نییه و گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، به‌شێوه‌یه‌ك تا دوێنێ چوارشه‌ممه ژماره‌ی قوربانییه‌كان 91 كه‌س بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌م ژماره‌یه زیاتر بووه.
سه‌رۆكی قه‌شه‌كانی سریانی كاثۆلیكی مووسڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، رۆژی چوارشه‌ممه ته‌رمی 48 قوربانیان به خاك سپاردبوو، ئه‌مڕۆش 10 قوربانی دیكه‌یان به خاك سپاردووه، هه‌روه‌ها سبه‌ی ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش به خاك ده‌سپێرن، كه شه‌ش كه‌سن. روونیشیكرده‌وه، به‌خاكسپاردنی قوربانییه‌كان به‌م شێوه‌یه واته كه هه‌مووان به‌یه‌ك جار نا‌نێژن بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌شێك له قوربانییه‌كان به‌هۆی زۆری سووتانه‌كه‌یانه‌وه ناناسرێنه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی (دی ئێن ئه‌ی) ده‌كه‌ن، یاخود كه‌سوكاریان به‌هۆی هه‌ندێك له كهلوپهلهكانیانهوه یانیش به‌هه‌ر هۆكارێكی دیكه بێت، بیانناسنه‌وه.
باسی له‌وه‌ش كرد، رۆژی چوارشه‌ممه، دوو له برینداره‌كانی دیكه‌ی رووداوه‌كه له هه‌ولێر گیانیان له‌ده‌ستداوه، هاوكات سێی دیكه‌یان له مووسڵ گیانیان له‌ده‌ستداوه و له‌گه‌ڵ 7 ته‌رمی دیكه هه‌ر ئه‌مڕۆ نێژراون و هه‌مووان ژماره‌یان بووه‌ته 10 قوربانی. تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه به‌م ئێواره هه‌واڵی گیانله‌ده‌ستدانی بریندارێكی دیكه‌یان له هه‌ولێر پێگه‌یشتووه.
درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له قه‌زای حه‌مدانییه، ئاگر كه‌وته‌وه و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكهوتهوه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمهرجهنسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو "هاتووین لێره ده‌ستخۆشی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه به‌ڕاستی هه‌ر له سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد."
لەلایەن خۆیەوە، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.