فەوزی هەریری: کریستیانەکانی عێراق زوڵم لێکراون

K24 – هەولێر:
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "میللەتی کریستیان لە عێراق زوڵم لێکراون و ئەگەر ئێمە پشتیان نەگرین، کەس نییە پشتیان بگرێت". هاوکات گوتی: هەموو کەس لە سەرتاسەری جیهان بۆ قوربانییانی قەزای حەمدانییە پرسەدارن.
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی داگیرساندنی مۆم بۆ رێزگرتن لە گیانی قوربانییانی حەمدانییە رایگەیاند، ئەمڕۆ مەڕاسمێک بۆ رێزگرتن لە گیانی قوربانییانی قەزای حەمدانییە بەڕێوەچوو، هەروەها هەموو کەس لە سەرتاسەری جیهان بۆ قوربانییانی قەزای حەمدانییە پرسەدارن.
هاوکات راشیگەیاند، میللەتی کریستیان لە عێراق زوڵم لێکراون، "ئەگەر ئێمە پشتیان نەگرین کەس نییە پشتیان بگرێت و ئێمە دڵخۆشین ئەمڕۆ کە ئەم هەموو خەڵکە بەشداری ئەم مەراسیمەن".
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە لە هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە هۆڵەکانی ئاهەنگگێراندا بکرێت بۆ ئەوەی کارەساتی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.
فەوزی هەریری، لەبارەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە دەڵێت: ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ چەند رۆژێک دواخرا، هیوادارین ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دادپەروەرانە بێت.
ئەمڕۆ شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023)، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و کەسایەتی ئایینی نەتەوە جیاوازەکان لە قەزای عەنکاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، بۆ رێزگرتن لەگیانی قوربانییانی قەزای حەمدانییە مۆم داگیرسێندرا.
رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، هەر ئەمڕۆ لە عەنکاوە پرسەی تایبەت بۆ قوربانییانی قەزای حەمدانییە بەڕێوەچوو و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پرسەکەدا بەشداربوو، هەروەها وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پیاوانی ئایینی نەتەوە جیاوازەکانیش لە پرسەکەدا بەشداربوون.
درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له قه‌زای حه‌مدانییه، ئاگر كه‌وته‌وه و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكهوتهوه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمهرجهنسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو "هاتووین لێره ده‌ستخۆشی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه به‌ڕاستی هه‌ر له سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد."
لەلایەن خۆیەوە، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.