پەرلەمانی عێراق چەند راسپاردەیەکی سەبارەت بە رووداوەکەی حەمدانییە دەرکرد

K24 – هەولێر:
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق چەند راسپاردەیەکی سەبارەت بە رووداوی ئاگرکەتنەوەکەی قەزای حەمدانییە دەرکرد.
ئەمڕۆ شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023)، پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە ژمارەیەک نوێنەری کەسوکاری قوربانییانی کارەساتی حەمدانییە لە باڵەخانەی پەرلەمان کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ دەنگ لەسەر بڕیارێک درا کە کۆمەڵێک بڕگەی لەخۆگرتبوو بۆ پشتیوانیکردنی برینداران و کەسوکاری قوربانییانی قەزای حەمدانییە.
راسپاردەکانی پەرلەمانی عێراق پێکهاتوون لە:
یەکەم: راسپاردە بۆ حکومەت "بۆ قەرەبووکردنەوەی بریندارەکان و کەسوکاری قوربانیانی کارەساتەکە لە رووی داراییەوە".
دووەم: راسپاردە بۆ حکومەت "بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق".
سێیەم: راسپاردە بۆ حکومەت "بڕە پارەی پێویست تەرخان بکات بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی ئەوەی لە بڕگەی یەک و دووەمدا هاتووە لە بودجەی فریاگوزاری یان لە بودجەی وەزارەتی تەندروستی، بەپێی دیدگای حکومەت".
چوارەم: راسپاردە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران "ئەو پرۆژەیاسایانە بنێردرێتەوە پەرلەمان کە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەو جۆرە رووداوانە دیاری دەکەن و لەم پرۆژەیاسایانەشدا قوربانییانی کارەساتی حەمدانییە بێجگە لە کارەساتەکانی دیکە کە لە ماوەی پێشوودا روویانداوە، بخرێنە نێو ئەو پرۆژە یاسایەدا".
پێنجەم: راسپاردە بۆ حکومەت "پێویستە حکومەت رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رووداوی لەو شێوەیە روونەدات، هەروەها رەزامەندی نەدات بۆ دامەزراندنی هۆڵ بۆ کۆبوونەوە و بۆنەکان مەگەر دوای دڵنیابوون لەوەی کە ئەو شوێنانە مەرجەکانی سەلامەتییان تێدایە".
شەشەم: راسپاردە بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری "بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی دادوەری بۆ بەدواداچوون بۆ بارودۆخی رووداوەکە و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە کەمتەرخەم بوون بە هاوکاری لەگەڵ دەزگا رێکخستن و ئەمنییەکان".
حەوتەم: راسپاردە بۆ لیژنەی ئاسایش و بەرگری، لیژنەی تەندروستی و ژینگە، لیژنەی شەهیدان، قوربانییان و دەرکراوانی سیاسی "پێویستە پێکەوە لیژنەیەک پێکبهێنن و ڕاسپاردەکانیان بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران".
درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له قه‌زای حه‌مدانییه، ئاگر كه‌وته‌وه و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكهوتهوه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمهرجهنسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو "هاتووین لێره ده‌ستخۆشی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه به‌ڕاستی هه‌ر له سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد."
لەلایەن خۆیەوە، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.