ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتبار دەستگیردەکات لە نەجەف تاوانی کوشتنیان ئەنجام دابوو

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، پاش ئاگادارکردنەوە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لێژنەی هەماهەنگییەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر توانی دوو تۆمەتبار دەستگیر بکات لە پارێزگای نەجەف تاوانێکی کوشتنیان ئەنجامداوە و بەرەو هەولێر هەڵاتبوون.

دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێردا رایگەیاندووە، بەگوێرەی زانیارییەکان، لە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، هەردوو تۆمەتبار لە پارێزگای نەجەف هەڵکوتاونەتە سەر ماڵێک و دوو ئەندامی خێزانەکەیان (دایکێک و کوڕەکەیان) کوشتووە، پاشان ئۆتۆمبێل و بڕێک پارەی ماڵەکەیان دزیوە و بەرەو هەولێر رایانکردووە.

لەسەر ئەم روداوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستبەجێ دەستیان بە بەدواداچوونی ورد کرد و توانیان شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبارەکان دەستنیشان بکەن. پاش وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە ئۆپراسیۆنێکدا هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. ف. ع.) و (ح. هـ. ح.) دەستگیر کران و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.