خۆپێشاندانی هاووڵاتییان لە کەرکووک دژی گرانبوونی نرخی کارەبای مۆلیدە بەردەوامە

خۆپێشاندانی هاووڵاتییان لە شاری کەرکووک دژی بەرزبوونەوەی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بەردەوامە و لە چەند شوێنێک گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە، هاوکات خۆپێشاندەران بە سووتاندنی تایە شەقامەکانیان داخستووە و هۆشداری دەدەن تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە.

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، خۆپێشاندانی بەشێک لە هاووڵاتییانی شارەکە بەهۆی گرانبوونی نرخی کارەبای مۆلیدەکان رووی لە فراوانبوون کردووە و لەنێو خۆپێشاندانەکەشدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپێشاندەران و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دروست بووە.

ئەو هاووڵاتییانەی لەنێو خۆپێشاندانەکەدا قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە ئاماژە بەوەدەکەن، نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بۆ 13 هەزار دینار بەرز بووەتەوە، سەرەڕای گرانیی نرخەکەش، خاوەن مۆلیدەکان وەک گوشارێک مۆلیدەکانیان کوژاندووەتەوە و کارەبایان لە هاووڵاتییان بڕیوە.

یەکێک لە هاووڵاتییە بەشداربووەکانی خۆپێشاندانەکە لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: "نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕدا گران بووە و بەدوای ئەوەشدا نرخی مۆلیدەیان بەرز کردووەتەوە، چەند رۆژێکە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان بەردەوامە بەڵام پارێزگار لێرە نییە و ئاگاداری داواکارییەکانی خەڵک نییە، لە لایەکی دیکەشەوە لە بازگە و خاڵە گومرگییەکان پارەیەکی زۆرمان لێ وەردەگیرێت کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر شانی کاسبکار و هاووڵاتییان دروست کردووە."

بەپێی دیمەنەکانی کامێرای کوردستان24 لە شوێنی ناڕەزایەتییەکان، هاووڵاتییانی تووڕە بە سووتاندنی تایە و دروستکردنی بەربەست شەقامەکانیان داخستووە و هاتووچۆی ئۆتۆمبێلیان پەکخستووە.خۆپێشاندەران جەختیان لەوە کردەوە، تا ئەو کاتەی بە فەرمی بەدەنگ داواکارییەکانیانەوە نەیەن و کێشەی نرخی کارەبا و مۆلیدەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەر نەکرێت، رێگاکان ناکەنەوە و دەستبەرداری ناڕەزایەتییەکانیان نابن.