سەباح سوبحی: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت تورکیا چەند مەرجێکی بۆ عێراق هەیە

"حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ رێگرییەکی نییە"

K24 - هەولێر

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، گرفت لەنێوان حکومەتی عێراق و تورکیا دا هەیە، لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق پرسی نەوت و پەکەکە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، کە 485 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، ئێستا کاتی ئامادەکارییە بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق کە سکاڵایەکی لەسەر هەناردەکردنی ئەو نەوتە بردووەتەوە حکومەتی تورکیا داوای قەرەبووکردنەوە دەکات".

روونیکردەوە: "ئەوەی ئێستا ماوەتەوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، پەیوەندی بە نێوان عێراق و تورکیاوە هەیە، حکومەتی تورکیا داوایکردووە بە بڕی 13 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داشکانی بۆ بکرێت، هاوشێوەی ئوردن کە ئێستا عێراق نەوت بە 14 دۆلار کەمتر لە بازاڕەکان بە ئوردن دەفرۆشێت، هەروەها شایستە داراییەکانی کۆمپانیای بۆتاشی تورکیا، کە داوا دەکات بۆ هەر بەرمیلێک 7 دۆلاری پێبدرێت، لە راستیدا حکومەتی عێراق کێشەی هەیە لەگەڵ ئەم مەرجانەی حکومەتی تورکیا".

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، باسی لەوەشکرد: "لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ عێراق سەرۆککۆماری تورکیا چەند پرسێکی سەرەکی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق تاوتوێ دەکات، لەوانە کێشەی ئاو، پرسی پەکەکە و هەناردەکردنەوەی نەوت، کە دەیانەوێت چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، جگە لەوەش سکاڵایەکی دیکەی عێراق هەیە لە ساڵی 2018 تا 2022، کە حوکمەتی عێراق دەیەوێت ئەو کەیسەش بباتەوە، ئەگەر ئەوە رووبدات کێشەیەکی دیکەی گەورە دێتە ئاراوە".

سەباح سوبحی، راشیگەیاند: "هەرێمی کوردستان هیچ رێگرییەکی نییە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵکو بەردەوام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە هەم بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت هەمیش بۆ بەکارهێنانی نەوت لە ناوخۆ، وەک لە یاسای بودجەی گشتی عێراق ئاماژەی پێکراوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە رادەستی حکومەتی عێراق بکات لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، حکومەتی هەرێم رێگر نییە لەو بابەتە و پابەندی خۆی راگەیاندووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بۆرییەی نەوتی تیادا هەناردە دەکرێت، درێژییەکەی 970 کیلۆمەترە کە نەوت لە کەرکووکەوە نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەگوازێتەوە، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش بۆرییەک هەیە کە بەو بۆرییەوە بەستراوەتەوە.

سەبارەت بە رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەران، دەڵێت: "خوێندنەوە بۆ یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان، پێویستی بە ژینگەیەکی سیاسیی لەبارە هەیە، دەبێ گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت، 13 خاڵی رەشنووسەکە کێشە و گرفتی لەسەر لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی وەک بەسرە و واست و نەینەوا و کەرکووک، چونکە ئەوانیش دوای مافی خۆیان دەکەن".

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ئاڵپ ئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە کۆنفڕانسی نەوتی ئەبوزەبی رایگەیاند، زیاتر لە 40 ساڵە رۆژانە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە و ئێستاش بۆرییەکە بۆ هەناردەکردنەوە ئامادەیە و لەم هەفتەیەدا کار بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن.

Fly Erbil Advertisment