وەزیری وزەی تورکیا: لەم هەفتەیەدا کار بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەین

ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا

K24 - هەولێر:

وەزیری وزەی تورکیا ئاشکرایکرد، لە ئەمڕۆوە هێڵی گواستنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە.

ئاڵپ ئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە کۆنفڕانسی نەوتی ئەبوزەبی رایگەیاند، زیاتر لە 40 ساڵە رۆژانە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە و ئێستاش بۆرییەکە بۆ هەناردەکردنەوە ئامادەیە و لەم هەفتەیەدا کار بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن.

وەزیری وزەی تورکیا گوتیشی: ئەم هەفتەیە کارکردن لە بۆرییەکە دەستپێدەکاتەوە و دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنیش، رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل لە رێگەی هێڵی نەوتی عێراق و تورکیا هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا.

ماوەی نزیکەی حەوت مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان وەستاوە، ئەمە جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتەهۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهانییدا.

Fly Erbil Advertisment