ئێران؛ لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە كڕین و فرۆشتن بە كۆرپە و منداڵ دەکرێت

کۆرپە
کۆرپە

K24 - هەولێر

لە ئێران ھەژاری وایكردووە، حاڵەتی كرین و فرۆشتنی كۆرپە و منداڵ زیاد بكات. بە گوێرەی رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە، ئێستا كۆرپەکان لە سکی دایكیاندا و بەر لەوەی لەدایك بن، لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نرخیان لەسەر دادەنرێن و كڕین و فرۆشتنیان پێ دەكرێت.

ھەواڵی رۆژنامەیەكی فەرمی ئێران كۆمەڵگەی ئەو وڵاتەی تووشی شۆك كردووە؛ رۆژنامەی ئێران لە ژمارەی رۆژی دووشەممە،2ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی خۆیدا ھەواڵێكی لەسەر کڕین و فرۆشتنی كۆرپە لەو وڵاتە بڵاوكردەوە.

بە گوێرەی رۆژنامەکە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران گروپێكیان دەستگیرکردووە كە كۆرپەیان بەو خێزانانە فرۆشتووە كە منداڵیان نابێت. ئەو گروپە دوایین كۆرپەیان رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، بە ناسنامەوە بە دووسەد ملیۆن تمەن فرۆشتووە (دووسەد ملیۆن تمەن ئێستا نزیكەی چوار ھەزار دۆلار دەكات).

ئەگەرچی ئەو ھەواڵە دەنگدانەوەی زۆری ھەبوو، بەڵام ئەوە یەكەمجار نییە لە ئێران بەشێوەی جیاواز كڕین و فرۆشتن بە كۆرپە و منداڵان دەكرێت.

ماڵپەری ئیسنای فەرمیش لە راپۆرتێكدا بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە كردووە و روونیكردووەتەوە كە ئێستا لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بە ئاشكرا مامەڵەی كرین و فرۆشتن بە كۆرپە و منداڵ دەكرێت. بەپێی راپۆرتەكە ھەندێك ھەژمار بە ئاشكرا وێنە و نرخی كۆرپەكان دادەنێن، بۆ ئەوەی كڕیارێكیان دەست بكەوێت.

تاكوو ئێستا ئامارێكی تەواو لەبارەی كڕین و فرۆشتنی كۆرپە و منداڵ لە ئێران لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەرپرسان نایشارنەوە ئێستا لەزۆربەی شارەكان و بەتایبەت لە شارە گەورەكان حاڵەتی زۆر تۆماركراون، ئەگەرچی كارەكە نایاساییە، بەڵام حاڵەتەكان بەردەوام لەزیادبووندان.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی تاران رایدەگەیەنێت، گروپەكان ئەو ئافرەتانە دەستنیشان دەكەن كە دووگیان و دەستكورتن، ھەندێك كات بەر لەوەی منداڵەكە لەدایك بێت، مامەڵەی لەسەر دەكەن و نرخی لەسەر دادەنێن و كڕین و فرۆشتنی لەسەر دەكەن. ھۆكاری ھەموو ئەوانەش بۆ ھەژاری و دەستكورتی خێزنەكان دەگەرێتەوە.

سەبارەت بەھۆكارەكانیش حەبیبوڵڵا مەسعودی، بەرێوەبەری بەشی كۆمەڵایەتیی رێكخراوی بێھزیستی ئێران دەڵێت، "ھەژاری ھۆكاری سەرەكییە، لەگەڵ ئەوەش منداڵ نەبوونی ھەندێك خێزانیش ھاندەرێكی دیكەیە بۆ كڕین فرۆشتن بە كۆرپەكان".

Fly Erbil Advertisment