بەهۆی لافاوەکەی هیندستان 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیانی دیکەش بێسەروشوێنن
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان بەهۆی لافاوەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 102 کەسیش بێسەروشوێن بوون کە 22 کەس لەوانە لە سوپای هیندستان بوونە.
بەرپرسانی هیندستان رایانگەیاند، دوای باران بارینێکی زۆر، ئاستی ئاوی دەریاچەیەکی سەهۆڵبەندانی لوناک بەرزبووەوە، دواتر بووە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاند.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لافاوەکە زیانی بە نزیکەی 22 هەزار کەس گەیاندووە، ئەمەش دوایین کارەساتە لە کارەساتەکانی کەشوهەوا لەو وڵاتە.
فەرمانگەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی ویلایەتی سیکیم بڵاویکردووەتەوە، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 26 کەس برینداربوون و 102 کەسیش بێسەروشوێنن.
دەستەی کەشناسی هۆشدارى دا لە پەککەوتنى گەشتە ئاسمانییەکان و پێشبینی دەکات، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا لە ناوچەکانى سیکیم و ویلایەتەکانی دیکە زیاتر باران ببارێت.