دانەر عەبدولغەفار: لەسەر پرسی نەوت و بودجە لەگەڵ بەغدا رێککەوتنی زۆر باش کراوە
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛ کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وزاریی عێراق بەردەوامن و گەیشتوونەتە رێککەوتنی زۆر باش، هاوکات میکانیزمێک بۆ چۆنییەتی ئیدارەدانی نەوت دۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وزاریی عێراق بەردەوامە؛ لەسەر بنەمای ئەو هێڵە سەرەکییانەی دوێنێ لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی دیاریکران، ڕێککەوتنی زۆر باش لە بەرژەوەندیی هەردوولا کراوە."
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، بە گەشبینییەوە لەو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنانە دەڕوانن و گوتی: "هیوادارین ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا جێگیر بکرێت و هیچ ئاستەنگ و گرفتێکی بۆ دروست نەکرێت."
دەربارەی دۆسیەی نەوت و وزەش، دانەر عەبدولغەفار ئاشکرای کرد: "لە کۆبوونەوە و رێککەوتنی دوێنێدا، میکانیزمێکی گونجاو بۆ چۆنییەتی ئیدارەدانی پرسی نەوت دۆزراوەتەوە."
دوێنێ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرانی دارایی و نەوت بە زۆر گرنگ و بەرهەمدار وەسف کرد، ئاماژەی بەوەش دا کە جەختیان لەسەر مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و گەیشتوونەتە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە.
مەسرور بارزانی سەبارەت بە دۆسیەی بودجە و شایستە داراییەکان روونی کردەوە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتوونەتە ئەو رێککەوتنەی کە مووچەی هەرێمی کوردستان مسۆگەر و بەردەوام دەبێت، هەروەها لەسەر شایستە داراییەکانی دیکەش لێکگەیشتن و میکانیزمی گونجاو دیاری کراوە، بەتایبەت لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان وەک یەک هەرێم و یەک میزانیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بۆ تەواوی هەرێم تەرخان بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت باسی لە کێڵگەی کۆرمۆر کرد و دووپاتیکردەوە هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکان کۆتایی پێبهێنرێت. مەسرور بارزانی ئیدانەی بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتی کرد و هیوای خواست ئەو لێژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر پێکهێنراوە بگاتە ئەنجام تاوەکو تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.
دەربارەی کەرتی نەوتیش، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد کە هەولێر و بەغدا هاوڕان لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوبەشی نەوتی لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان هاوبەش دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمی نەوت، لەو پێناوەشدا میکانیزمی پێویست بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی تاوتوێ کراوە.